لە رۆژێکی بەستوودا؛ کوردانی نیویۆرک بۆ پشتیوانی لە رۆژئاڤا لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە نیویۆرک پلەی گەرمی 11 پلە لەژێر سفرەوەیە، بەڵام سەرما نەبووەتە رێگر لەبەردەم رەوەندی کوردی کە بێنە سەر شەقام. رۆژی شەممە، دەیان کورد لەو شارە گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
ئەمە ساردترین رۆژی ئەمساڵە لە نیویۆرک، بەڵام دەیان کورد لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی دژی ئەو هێرشانە دەرببڕن کە دەکرێنە سەر رۆژئاڤای کوردستان.
خۆپێشاندەران لافیتە و پۆستەری جۆراوجۆریان بەرزکردبووەوە، تێیدا ئەمریکا و جیهانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە بەرامبەر "تاوانەکان" بێدەنگن.
خەیاڵ قەرتەل، رێکخەری خۆپێشاندانەکە دەڵێت: "پیر، ژن و منداڵەکانمان لە کۆبانی گیریان خواردووە؛ چەندین رۆژە بێ خۆراک، بێ ئاو و بێ ماڵ و حاڵن. ئەرکی ئێمەیە دەنگیان بەرز بکەینەوە. ئێوە تەنیا نین، ئێمە لەگەڵتانین. بژی بەرخودانی کۆبانێ."
هەندێک لە پەیامەکان راشکاوتر بوون؛ لەسەر یەکێک لە پۆستەرەکان وێنەی تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا کێشرابوو کە چەقۆ لە پشتی کوردێک دەدات.
حکومەتی سووریا ئەو تۆمەتانەی خۆپێشاندەران رەتدەکاتەوە کە لە جەنگدا بێت دژی کورد، بەڵکو دەڵێت لە جەنگدایە دژی "میلیشیایەکی دەرەوەی یاسا" کە مەبەستیان لێی هەسەدەیە.
ئەحمەد شەرعی، سەرۆکی سووریا، بەڵێنی داوە مافە کولتووری و زمانییەکانی کورد بدات.
بەڵام ئەو کوردانەی لە نیویۆرک کۆببوونەوە، بڕوا بەو قسانە ناکەن و داوا دەکەن شەڕڤانانی کورد وەک پارێزەری ئەو ناوچانە بمێننەوە کە زۆربەی دانیشتووانیان کوردن.
خۆپێشاندەرێک دەڵێت: "ئەمە دادپەروەری نییە. ئێمە دادپەروەریمان بۆ گەلەکەمان دەوێت. رۆژئاڤا کوردستانە و بەشێک نییە لە سووریا."
پۆستەرێک کە لەسەری نووسرابوو "1=2+2"، سەرنجی ئەو ئەمریکییانەی رادەکێشا کە بەوێدا تێدەپەڕین و بۆیان سەیر بوو، بەڵام بۆ کورد، ئەمە مانای خەبات بۆ یەکپارچەیی خاکەکەیان دەگەیێنێت، تەنانەت ئەگەر بەلای جیهانەوە هاوکێشەیەکی مەحاڵیش بێت.
لەم شەقامە بەستووەی نیویۆرکدا، خۆپێشاندەران دەڵێن ئەمجارە هاوکێشەکە سادەترە؛ پشتگوێخستنی دۆخەکە، یەکسانە بە رژانی خوێنی کوردی بێتاوان.