لە دەریای ئیجە بەلەمێکی کۆچبەران ژێرکەوت؛ 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 3ـی دیکە بێسەروشوێنن

رووداو دیجیتاڵ

لەنزیک کەناراوەکانی یۆنان، بەلەمێکی کۆچبەران ژێرکەوت. پاسەوانی سنووری وڵاتەکە رایگەیاند، 50 کەس رزگارکراون، بەڵام تەرمی ژنێک و منداڵێک دۆزراونەتەوە و سێ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
 
گوتەبێژی پاسەوانی سنووری یۆنان رایگەیاند، رووداوەکە لە نزیک دوورگەی ئیکاریا لە باکووری دەریای ئیجە روویداوە.
 
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکان 50 کۆچبەریان رزگارکردووە و ئەو کەسانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
 
سەبارەت بە چارەنووسی سەرنشینەکانی دیکە، گوتەبێژەکە گوتی: "ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن بە کەشتییەکانی پاسەوانی سنوور بەردەوامە. تیمی ژێرئاوکەوتن رەوانەی ناوچەکە کراون بۆ دۆزینەوەی ئەو سێ کەسەی کە بێسەروشوێنن."
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی یۆنان (ERT)، بایەکی زۆر بەهێز لە ناوچەکە هەڵدەکات و ئەمەش بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانی تیمەکانی گەڕان و رزگارکردندا.
 
دوورگەی ئیکاریا، کە نزیکە لە کەناراوەکانی رۆژئاوای تورکیا، وەک یەکێک لە رێڕەوە سەرەکییەکانی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە خاکی یەکێتیی ئەوروپا ناسراوە. بە گوتەی چاودێران، کۆچبەران جگە لەم رێڕەوە، رێگەیەکی دیکەی زۆر مەترسیداریش بەکاردەهێنن کە لە لیبیاوە بۆ دوورگەی کریت درێژ دەبێتەوە.
 
رووداوەکانی ژێرکەوتنی بەلەم لە وەرزی زستاندا زیاتر روودەدەن. سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، لە نزیک دوورگەی کریت 17 کۆچبەر خنکان و تەنیا دوو کەس رزگارکران.
 
بەپێی داتاکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، تەنیا لە ساڵی 2025ـدا، لانیکەم 107 کۆچبەر لە کەناراوەکانی یۆنان گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
 
هەروەها بەپێی داتاکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 33 هەزار کۆچبەر لە دەریای سپیی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان وەک بێسەروشوێن تۆمارکراون.