تەرمی ناڤالنی رادەستی دایکی کرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تەرمی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسی رادەستی دایکی کرایەوە، ئەمەش وەکو کەسە نزیکەکانی رایانگەیاندووە.
 
ئیڤان ژدانۆڤ، بەڕێوەبەری دامەزراوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کە ناڤالنی دامەزرێنەری بوو، لە تەلەگرامەوە سوپاسی "هەموو ئەو کەسانە"ی کرد کە داوایان لە دامودەزگا ئەمنییەکانی رووسیا کردبوو، تەرمی ناڤالنی رادەستی دایکی بکەنەوە.
 
هاوکات یولیا ناڤالنیا، هاوژینی ناڤالنی، حکومەتی رووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی سووکایەتیی بە ئایینی کریستیانی کردووە، چونکە هەوڵی داوە دایکی ناڤالنی ناچار بکات بە نهێنی پرسە بۆ کوڕەکەی دابنێت.
 
ژدانۆڤ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "زۆر سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم پەیامی نووسراو و ڤیدیۆییان نارد. هەمووتان ئەوەتان کرد کە لەسەرتان بوو. سوپاس. تەرمی ئەلێکسی ناڤالنی دراوەتەوە دایکی."
 
ناڤالنی تەمەنی 47 ساڵ بەناوبانگترین سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسی بوو؛ رۆژی 16ی شوبات لە زیندان گیانی لەدەستدا و ماوەی هەفتەیەک بوو خێزانەکەی هەوڵی بەدەستهێنانەوەی تەرمەکەی دەدا.