لە بەڕازیل 30 کەس بەهۆی لافاو و رۆچوونی زەوییەوە گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو و رۆچوونی زەوییەوە لە هەرێمی "میناس جێرایس" لە باشووری رۆژهەڵاتی بەڕازیل، لانیکەم 30 کەس گیانیان لەدەستدا و گەڕان بەدوای 39 کەسی بێسەروشوێنبووشدا بەردەوامە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگریی شارستانی بە هاوکاری سەگی پۆلیسی، لەنێو قوڕ و لیتە و پاشماوەی ئەو خانوانەی بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە رووخاون، بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەگەڕێن. تاوەکو ئێستا تەرمی 30 کەس لە شارەکانی "ویز دی فۆرا" و "ئوبا" دۆزراونەتەوە و زیاتر لە 200 کەسیش رزگارکراون.
دیمتریۆس گۆلارت، فەرماندە لە تیمی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە رایگەیاند: "لە یەکێک لە گەڕەکەکاندا، رۆچوونی زەوی بووە هۆی راماڵینی 12 خانوو، لەو کاتەدا زۆربەی خەڵکەکە لەنێو ماڵەکانیاندا بوون."
مارگاریتا سالۆماو، سەرۆکی شارەوانی ویز دی فۆرا، باری نائاسایی لە شارەکەدا راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم مانگی شوباتە پڕبارانترین مانگ بووە لە مێژووی شارەکەدا؛ بەجۆرێک تەنیا لەم مانگەدا 584 مللیمەتر باران باریوە، کە ئەوەش ریکۆردێکی نوێیە.
لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆککۆماری بەڕازیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "تەواوی جەختکردنەوەی ئێمە لەسەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پشتگیریکردنی ئاوارەبووەکانە."
بەهۆی ئەم شەپۆلە تووندەی بارانبارینەوە، نزیکەی 3 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و خوێندن لە سەرجەم قوتابخانەکانی ناوچەکە راگیراوە.
بەڕازیل لە ساڵانی دواییدا بەدەست دیاردە تووندەکانی کەشوهەوا دەناڵێنێت. لە ساڵی 2024دا بەهۆی لافاوەوە لە باشووری ئەو وڵاتە زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستدا. شارەزایان هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕانەی کەشوهەوا بۆ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.