بیل گەیتس دان بە پەیوەندییە سێکسییەکانیدا دەنێت و هاوڕێیەتیی ئێپستین بە "هەڵەیەکی گەورە" وەسف دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بیل گەیتس، ملیاردێر و دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، دانی بەوەدا نا کە هاوڕێیەتییەکەی لەگەڵ جێفری ئێپستین "هەڵەیەکی گەورە" بووە. 
 
گەیتس لەبەردەم کارمەندانی دامەزراوە خێرخوازییەکەیاندا ئاشکرای کرد، پەیوەندیی سێکسیی لەگەڵ دوو ژنی رووسی هەبووە، بەڵام بە تووندی هەر جۆرە بەشداربوونێکی لە تاوانەکانی ئەو بازرگانە رەتکردەوە.
 
دانپێدانانەکان و داوای لێبووردن
 
لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کارمەندانی دامەزراوەی گەیتس، ملیاردێرە تەمەن 70 ساڵەکە نیشانی دا کە زۆر پەشیمانە لەو پەیوەندییە. گەیتس گوتی: "بەسەربردنی کات لەگەڵ ئێپستین هەڵەیەکی مەزن بوو، هەروەها هێنانی بەرپرسانی دامەزراوەکەمان بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەویش هەڵە بوو. داوای لێبووردن لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەهۆی هەڵەکەی منەوە ناویان کێشراوەتە ناو ئەم بابەتە."
 
پەیوەندی لەگەڵ ژنانی رووسی
 
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردوونەتەوە، ئیمەیڵێکی ئێپستین ئاشکرا بووە کە تێیدا بانگەشەی کردووە یارمەتیی بیل گەیتسی داوە بۆ دەستکەوتنی مادەی هۆشبەر و رێکخستنی دیداری نهێنی لەگەڵ ژنانی خێزاندار. گەیتس لە کۆبوونەوەکەدا دانی بە دوو پەیوەندییەوە نا و گوتی: "پەیوەندیم هەبووە، یەکێکیان لەگەڵ یاریزانێکی رووسی و ئەوی دیکەشیان لەگەڵ فیزیازانێکی ئەتۆمیی رووسی کە لە چوارچێوەی کارەکانمدا ناسیبووم."
 
سەرەڕای ئەم دانپێدانانانە، گەیتس جەختی کردەوە، هیچ پەیوەندییەکی بەو قوربانییانەوە نەبووە کە ئێپستین دەستدرێژیی کردوونەتە سەر. گەیتس گوتی: "من هیچ کارێکی نایاساییم نەکردووە و هیچ شتێکی نایاساییشم نەبینیوە."
 
مێژووی پەیوەندییەکە و هۆشدارییەکانی میلیندا
 
گەیتس ئاشکرای کرد، پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئێپستین لە ساڵی 2011 دەستی پێکردووە، واتە سێ ساڵ دوای ئەوەی ئێپستین بە تۆمەتی هاندانی منداڵ بۆ لەشفرۆشی سزادرابوو. 
 
گەیتس گوتی، ئاگاداری ئەوە بووە ئێپستین بۆ ماوەی 18 مانگ گەشتکردنی لێ قەدەخە کراوە، بەڵام بەدوای پاشخانی تاوانەکانیدا نەگەڕاوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، میلیندای هاوژینی پێشووی، لە ساڵی 2013 نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئێپستین دەربڕیوە، بەڵام ئەو بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە لە هاوڕێیەتییەکەی بەردەوام بووە.
 
لە کۆتاییدا گەیتس بە کارمەندانی گوت: "ئەو زانیارییانەی ئێستا دەیزانم، دۆخەکە 100 هێندە خراپتر دەکات، نەک تەنیا سەبارەت بە تاوانەکانی رابردووی، بەڵکو ئێستا روونە کە رەفتارە خراپەکانی بەردەوام بوون."