فرێدریش مێرتس: چین 120 فڕۆکەی ئێرباس دەکڕێت

رووداو دیجیتاڵ

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ پەکین رایگەیاند، چین بە نیازی کڕینی 120 فڕۆکەی زیادەیە لە کۆمپانیای (ئێرباس)ـی ئەورووپی. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، مێرتس هەوڵدەدات هاوسەنگییەک لە نێوان پەیوەندییە بازرگانییەکان و کێبڕکێیە تووندە پیشەسازییەکاندا دروست بکات.
 
رۆژی چوارشەممە 25-02-2026 مێرتس دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی چین گوتی: "سەرکردایەتیی چین داوای ژمارەیەکی زیاتر لە فڕۆکەی ئێرباس دەکەن، کۆی گشتیی داواکارییەکانیان دەگاتە 120 فڕۆکەی زیادە." 
 
هەرچەندە وردەکاریی زیاتری لەسەر جۆری فڕۆکەکان و کاتی رادەستکردنیان نەخستە روو، بەڵام ئەم گرێبەستەی بە نیشانەی "پەیوەندییەکی هیوابەخش" لە نێوان هەردوو وڵاتدا وەسف کرد.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا، کە شاندێکی گەورەی بازرگانیی لەگەڵدایە، لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆککۆماری چین و لی چیانگ، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. مێرتس داوای هاوکارییەکی "دادپەروەرانەتر"ـی کرد و چەندین خاڵی جێناکۆکی خستە روو، لەوانە: ناهاوسەنگیی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، متمانە بە دابینکردنی کانزا دەگمەنەکان، پشتگیریی دارایی حکومەت بۆ کۆمپانیا چینییەکان و نرخی دراوی یوان.
 
شی جینپینگ جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکان کردەوە و گوتی: "هەرچی جیهان ئاڵۆزتر بێت، گرنگیی هاوئاهەنگیی ستراتیژیی نێوان چین و ئەڵمانیا زیاتر دەبێت."
 
سێبەری ترەمپ و پێگەی چین
 
ئەم سەردانەی مێرتس کە یەکەمین سەردانیەتی لەوکاتەوەی پۆستەکەی لە ساڵی 2025 وەرگرتووە، دوای سەردانی سەرکردەکانی فەرەنسا، کەنەدا و بەریتانیا سەردانی پەکینی کرد. 
 
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەی ئەورووپا وەک کاردانەوەیەک دەبینرێن بەرامبەر سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پێناسی گومرگیی توندی سەپاندووە و گومانی لەسەر هاوپەیمانییە کۆنەکان دروست کردووە. مێرتس پێش سەردانەکە رایگەیاندبوو: "چین بۆ هەمووان بووەتە وڵاتێکی دەستبەردارنەبوو."
 
لە رووی سیاسییەوە، مێرتس داوای لە پەکین کرد کە "هەژموونی خۆی" بەسەر رووسیادا بەکاربهێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و جەختی کردەوە، نابێت هیچ کاڵایەکی سەربازی یان (سەربازی و مەدەنی) بە مۆسکۆ بدرێت. سەبارەت بە تایوانیش گوتی، هەر هەوڵێک بۆ یەکگرتنەوە تەنیا دەبێت بە رێگەی ئاشتییانە بێت نەک سەربازی.
 
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، راوێژکاری ئەڵمانیا ئامادەی نماییشی ئۆتۆمبێلە بێشۆفێرەکانی (مێرسەیدیز) بێت و سەردانی لقەکانی کۆمپانیای (سیمێنس) و کۆمپانیاکانی رۆبۆتیک لە شاری هانگژۆ بکات، کە ئەمەش نیشانەی بایەخی ئەڵمانیایە بە کێبڕکێ لە کایە تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکاندا.