کوردێک بووە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا
رووداو دیجیتاڵ
پاش 117 رۆژ لە دانوستاندنی سەخت و ململانێی سیاسی، حکومەتی نوێی هۆڵەندا پێکهێنرا و لە کۆشکی (Huis Ten Bosch) لەبەردەم شا ویلیەم ئەلێکساندەر سوێندی یاساییان خوارد. لە ناو کابینە نوێیەکەدا، دیلان یەشیلگۆز، سیاسەتڤانی کورد، یەکێک لە هەستیارترین و گرنگترین پۆستەکانی حکومەتی وەرگرت.
یەشیلگۆز؛ لە پەنابەرییەوە بۆ وەزارەتی بەرگری
دیلان یەشیلگۆز-زێگەریۆس، کە پێشتر وەزیری داد و ئاسایش بوو، لەم کابینەیەدا وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دەستبەکار بوو. یەشیلگۆز کە سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (VVD)ـەیە، لەمەودوا سەرپەرشتیی دۆسیە ستراتیژییەکانی وەک پشتگیریکردنی سەربازیی ئۆکرانیا و جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هۆڵەندا بەرامبەر بە ناتۆ دەکات.
داهاتووی سیاسیی یەشیلگۆز کاتێک گۆڕا کە رەتیکردەوە لەگەڵ خیرت ویڵدەرز، سەرکردەی راستڕۆی تووندڕۆ، هاوپەیمانی پێکبهێنێت، ئەمەش رێگەی بۆ دروستکردنی حکومەتێکی ناوەند کردەوە.
رۆب جێتن؛ گەنجترین سەرۆکوەزیران
کابینە نوێیەکە لەلایەن رۆب جێتنی تەمەن 38 ساڵ سەرکردایەتی دەکرێت. جێتن کە سەرۆکی پارتی دیموکراتانی 66ـە، وەک گەنجترین سەرۆکوەزیران لە مێژووی هۆڵەندا چووە ناو مێژووەوە. حکومەتەکەی ئەو هاوپەیمانییەکی کەمینەیە لە نێوان پارتی (D66)، (VVD) و (CDA) کە بۆ تێپەڕاندنی یاساکان پێویستی بە پشتیوانیی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەبێت.
حکومەتی نوێ جەخت لەسەر پشتگیریی تەواوی ئۆکرانیا دەکاتەوە. بۆ دابینکردنی بودجەی سەربازی، بڕیارە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان کەم بکرێنەوە. لە پرسی کۆچدا، حکومەتەکە رێبازی راستڕۆی پارێزگاری گرتووەتە بەر؛ لەوانەش تووندکردنەوەی رێساکانی یەکگرتنەوەی خێزان و بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، کە ئەمە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی پارتی یەشیلگۆز.
دیلان یەشیلگۆز کێیە؟
دیلان یەشیلگۆز لە 18ـی حوزەیرانی 1977 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە خێزانێکی کوردی خەڵکی دێرسیم لەدایکبووە. باوکی، یووسل یەشیلگۆز، چالاکڤانی مافی مرۆڤ و تاوانناس بووە، دایکیشی فاتیمە ئۆزگوموش، ئێستا بەڕێوەبەری رێکخراوی پەنابەرانی هۆڵەندایە.
خێزانەکەی دیلان دوای کودەتای سەربازیی 1980ـی تورکیا، بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە ناچار بوون وڵات بەجێبهێڵن. دیلان لە تەمەنی 7 ساڵیدا وەک پەنابەر گەیشتە هۆڵەندا و لە زانکۆی ئەمستەردام ماستەری لە زانستە کولتوورییەکان و بەڕێوەبردن بەدەستهێناوە.
کاروانی سیاسیی یەشیلگۆز لە ناو پارتی سۆسیالیست و پارتی کارەوە دەستی پێکرد، بەڵام دواتر لە ساڵی 2009 چووە ناو پارتی لیبراڵی (VVD)، چونکە پێی وابوو لایەنە چەپەکان وەک "قوربانییەک کە پێویستی بە رزگارکردن بێت" سەیری دەکەن، نەک وەک هاووڵاتییەکی یەکسان.
یەشیلگۆز لە ساڵی 2017 بووە ئەندامی پەرلەمان و لە ساڵی 2021 کرا بە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری. لە ساڵی 2022 بووە وەزیری داد و ئاسایش، و دوای دەستلەکارکێشانەوەی مارک روتە، وەک یەکەم ژن بووە سەرۆکی پارتی (VVD).
یەشیلگۆز خاوەنی هەڵوێستی تووندە بەرامبەر بە تیرۆر و تەنانەت لە ساڵی 2019 داوای دەکرد چەکدارانی داعشی هۆڵەندی لەو شوێنانە دادگایی بکرێن کە لای هێزە کوردییەکان دەستگیرکراون، نەک بگەڕێندرێنەوە بۆ هۆڵەندا.