ترەمپ: ئێران خەریکی دروستکردنی مووشەکێکە بگاتە ناوجەرگەی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران هەوڵ بۆ پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ دەدات، تاوەکو بتوانێت راستەوخۆ خاکی ئەمریکا بپێکێت. ترەمپ لە یەکەم گوتاری ساڵانەی وڵاتدا لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا تارانی بەوە تۆمەتبار کرد، دەیەوێت ئەو بەرنامە ئەتۆمییە بونیاد بنێتەوە کە ساڵی رابردوو لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کرایە ئامانج.
رۆژی سێشەممە 24ی شوبات بەکاتی واشنتن (بەرەبەیانی رۆژى چوارشەممە 25ی شوبات بەکاتی هەولێر)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران گوتارێکی پێشکێش کرد.
مووشەکى کیشوەربڕ
وێڕای بەردەوامیی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لە جنێڤ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزە و گوتی، "ئەوان ئێستا مووشەکیان هەیە کە هەڕەشە لە ئەورووپا و بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەکەن، بەڵام ئێستا خەریکی دروستکردنی مووشەکێکن کە بەمزووانە دەگاتە خاکی ئەمریکا."
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا کە لە ساڵی 2025 بڵاوکرابووەوە، ئێران دەتوانێت تاوەکو ساڵی 2035 مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ (ICBM) بەرهەم بهێنێت، ئەگەر تاران بڕیاری لەسەر بدات.
ئێستا، بەپێی داتاکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆنگرێس، تاران خاوەنی مووشەکی مەودا کورت و مامناوەندە، کە مەوداکەیان دەگاتە نزیکەی 3,000 کیلۆمەتر، لە کاتێکدا مەودای نێوان خاکی ئەمریکا و ئێران زیاتر لە 10,000 کیلۆمەترە.
چەکى ئەتۆمی
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران دەیەوێت "هەموو شتێک لە سەرەتاوە دەستپێبکاتەوە" و خەریکی زیندووکردنەوەی "خەونە ئەتۆمییە مەترسیدارەکانیەتی."
ترەمپ دووپاتی کردەوە، هەرچەندە دیپلۆماسی بەلاوە پەسندە، بەڵام "یەک شت دڵنیایە: من هەرگیز رێگە نادەم گەورەترین پاڵپشتیکاری تیرۆر لە جیهاندا، کە ئێرانییەکانن، ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ململانێی نێوان واشنتن و تاران لە 2025 گەیشتە ئاستێکی یەکلاکەرەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو ئەمریکا و ئیسرائیل سێ بنکەی سەرەکیی ئەتۆمییان لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان کرد.
ئەو هێرشانە دوای ئەوە هاتن کە تاران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندبووە 60%، کە تەنیا هەنگاوێکی تەکنیکی لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دوور بوو.
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ساڵی رابردوو زۆربەی ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی وێران کرد، بەڵام ئێستا واشنتن نیگەرانە کە تاران جارێکی دیکە دەستی بە پرۆسەکە کردبێتەوە.
ئەم گوتارەی ترەمپ لە کاتێکدایە، واشنتن و تاران دوو گەڕی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لە عومان و سویسرا ئەنجامداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
ململانێکانى دیکە
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و رایگەیاند، کار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو "خوێنڕشتنە."
ترەمپ دووپاتی کردەوە، لەوەتەی گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی لە کانوونی دووەمی 2025، توانیویەتی چەندین ململانێی جیهانی هێور بکاتەوە.
هەروەها ستایشی بڕیاری وڵاتانی ناتۆی کرد بۆ تەرخانکردنی 5%ی داهاتی نیشتمانییان بۆ کاروباری بەرگری، کە ئەمەش دوای گوشارە تووندەکانی ئیدارەکەی بۆسەر هاوپەیمانە ئەورووپییەکان هات.
ئیدارەی ترەمپ گەورەترین هێزی سەربازیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆکردووەتەوە، تێیدا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری وەک "ئەبراهام لینکن" و "جێراڵد فۆرد" لە ئاوەکانی ناوچەکەدا جێگیر کراون.
ئەم بڵاوەپێکردنە چڕە وەکو ئامرازێکی گوشار بەکاردێت تاوەکو تاران ناچار بە واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ بکات، کە نەک تەنیا دۆسیەی ئەتۆمی، بەڵکو بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکانیشی بگرێتەوە.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکان لە جنێڤ بەڕێوەبچێت، کە وەک دوایین دەرفەتی دیپلۆماسی دەبینرێت بەرلە تێپەڕبوونی ئەو مۆڵەتە 10 رۆژییەی ترەمپ بۆ بڕیاردانی کۆتایی دیاریکردووە.