یاسایەکی نوێی ئەڵمانیا: بەشێک لە پەناخوازان دەتوانن زووتر دەست بە کار بکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، یاسای کارکردن بۆ پەناخوازان دەگۆڕدرێت بۆ ئەوەی زووتر، واتە دوای 3 مانگ بتوانن کار بکەن. بەڵام جەختیشی کردەوە کە کارکردنی پەناخوازان "هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەڕێوەچوون یان ئەنجامی پرۆسەی پەناخوازی نابێت."
24ـی شوباتی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێپێدانی کارکردن بۆ ئەو پەناخوازانە نابێت کە داواکارییەکەیان رەتکراوەتەوە. ئەم یاسایە لە "داهاتوویەکی نزیکدا" لە پەرلەمان پەسند دەکرێت.
یاساکە کام پەناخوازانە دەگرێتەوە؟
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، ئاشکرای نەکرد کە چەند پەناخواز لەم یاسایە سوودمەند دەبن. بەڵام گوتی، "ئەوانەی پەناخوازییان بە شێوەیەکی کۆتایی رەتکراوەتەوە و ئەو کەسانەی خەڵکی وڵاتانی ئارامن یاساکە نایانگرێتەوە."
ئەو بەرپرسە ئاشکرای دەکات، یاساکە ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە لە پرۆسەی پەناخوازیدا هاوکار نابن، واتە ئەوانەی کە "ناسنامەی خۆیان دەشارنەوە یان زانیاریی نادروست لەبارەی هۆکارەکانی کۆچکردنیان دەدەن."
سەبارەت بە پلانی "یەکسەر لە سەر کار" (Sofort-in-Arbeit-Plan) کە بە دەسپێشخەریی وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە ئامادەکراوە و لە 22ـی شوبات لە میدیا بڵاوکراوەتەوە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بە گوێرەی سیستمی هاوبەشی ئەورووپی بۆ پەناخوازان (GEAS) دەبێت. بە گوتەی ئەو، یاساکە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) لە ماوەیەکی نزیکدا "پەسند دەکرێت."