چیا رەبیعی مافی مانەوەی لە ئەڵمانیا پێدرا؛ پێشتر مەدالیای قارەمانییەتی وەرگرتبوو
رووداو دیجیتاڵ
چیا رەبیعی وەک قارەمان تەماشای دەکرا، بەڵام مافی مانەوەیان نەدەدایێ. چیا دوو ساڵ لەمەوپێش لە دیاسپۆرا دەرکەوت، کێشەی ئەوەی هەبوو کە پارێزەرەکەی وەڵامی ناداتەوە و کارەکانی دواکەوتوون. تیمی دیاسپۆرا راپۆرتێکی مەیدانیان لەگەڵ سازکرد و لەوێ رۆژ خەڵەفیان پێناساند کە پارێزەرێکی سەرکەوتووی کوردە لە ئەڵمانیا. ئەم هەفتەیە رۆژ خەڵەف بە دیاسپۆرای راگەیاند، چیا مافی مانەوەی وەرگرتووە.
رۆژ خەڵەف، پارێزەری چیا رەبیعی میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، هەرچەندە ئەو کەیسی کۆچبەران وەرناگرێت و کارەکەی ئەو جیاوازە بەڵام کەیسی چیای وەرگرت؛ لەو بارەیەوە گوتی، "کەیسی چیا رەبیعی جیاوازبوو، بۆیە پارێزەریم بۆیکرد، هەرچەندە چیا وەک قارەمانێک لە ئەڵمانیا تەماشا دەکرا، بەپێی یاسای ئەڵمانیا قارەمانییەتی بەس نییە بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە، هەروەها کاتێک چیا بووە کەسێکی ناسراو لە کۆمەڵگەی ئەڵمانی، ئەو ناسراوبوونەی هۆکارێک بوو بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە."
رۆژ خەڵەف، دڵخۆشی خۆی بەوەرگرتنی مافی مانەوە بە چیا دەربڕی و گوتی، "چیا شایستەی وەرگرتنی مافی مانەوەبوو، لەکاتێکدا خۆی فێری زمانی ئەڵمانی کرد و هەموو مەرجەکانی وەرگرتنی مافی مانەوەی هەبوو."
رۆژ خەڵەف گوتیشی، "بە وەرگرتنی مافی مانەوە ژیانی چیا باشتر دەبێت و لە ماوەیەکی دیکەدا چیا وڵاتینامەش وەردەگرێت."
چیا رەبیعی، خەڵکی سابڵاخی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئێستا تەمەنی 44 ساڵە و لە شاری ورتسبورگی ئەڵمانیا دەژیت، سێ ساڵ لەمەبەر چەقۆکێشێکی سۆماڵی لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە هەڵیکوتایە سەر خەڵك و سێ کوسی کوشت و چەندین کەسی دیکەشی بریندار کرد و بەرەدەوام بوو هەوڵی دەدا خەڵکی دیکەش بکوژێت، لەکاتێکدا هیچ کەسێک لەو کاتەدا ئامادەنەبوو رێگری لەو نەتەوەپەرستە سۆماڵییە بکات، بەڵام چیا وەک چووە پێشی و توانی بیوەستێنێت و رێگە نەدات خەڵکی زیاتر بکوژێت و دواتر پۆلیس دەستگیریکرد، لەو کاتەوە چیا بووەتە ناوێکی مەزن و میدیای ئەڵمانیا گرنگی زۆری بەو رووداوە و قارەمانییەتی چیا دا.