کۆشکی سپی: گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوام و بەرهەمدارن
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند، بەهۆی هەبوونی گفتوگۆی "بەرهەمدار" لەگەڵ تاران، پلانی بۆردوومانکردنی وێستگەکانی کارەبای ئێرانیان بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە، هاوکات هۆشداریدا ئەگەر تاران شکستی سەربازیی خۆی قبووڵ نەکات، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە "دۆزەخ" بەسەر ئەو وڵاتەدا ببارێنێت.
رۆژی چوارشەممە، 25-03-2026 کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر نزیکە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە جەنگی دژی ئێران. دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئێستا روون بووەتەوە کە تاران دەیەوێت گفتوگۆ بکات و ترەمپیش ئامادەیە گوێیان لێ بگرێت.
بەهۆی ئەو گفتوگۆ "بەرهەمدارانەى" لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامدراون، واشنتن بڕیاریداوە پلانی هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران بووەستێنێت.
گوتەبێژی کۆشکی سپی جەختی کردەوە کە سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی سیستماتیک خەریکی هەڵوەشاندنەوەی بنکە پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئێرانە تاوەکو رێگری لە هەڕەشەکانی داهاتوو بۆ سەر ناوچەکە بگرێت.
لیڤیت گوتی: "هەوڵە سەربازییەکانمان رۆژ بە رۆژ سەرکەوتنی زیاتر بەدەستدەهێنن و توانای ئێران بۆ تێرۆرکردنی کەشتییە بازرگانییەکان بەرەو نەمان دەچێت."
سەبارەت بە هەواڵەکانی تایبەت بە ناوەڕۆکی دانوستاندنەکان، گوتەبێژی کۆشکی سپی هۆشداریی دایە رۆژنامەنووسان لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەی پشت بە "سەرچاوەی نادیار" دەبەستن و گوتی: "دانوستاندنەکان بەرهەمدارن، بەڵام هەندێک لەو چیرۆکانەی خوێندوومەتەوە بە تەواوی راست نین."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا دەسەڵاتی تاران دان بەوەدا دەنێت کە خەریکە رادەماڵدرێت و بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ دەرچوون لەم قەیرانە.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتیی تەنگەی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 120 دۆلار.
واشنتن و تەلئەڤیڤ کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7,800 ئامانجیان لە نێو ئێراندا پێکاوە، جەخت دەکەنەوە کە تاوەکو تەسلیمبوونی بێ مەرجی تاران و دڵنیابوونەوە لەوەی نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، فشارە سەربازییەکان ناوەستن.
تاران لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و عەلی لاریجانی، رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی سەرکردایەتی بووەتەوە و ئێستا دیپلۆماسی وەک دوایین دەرچە بۆ مانەوەی دەبینێت.