راپۆرتێک: ئێران لە فێڵێکی نوێی ترەمپ دەترسێت
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێک دەڵێ، بەرپرسانی ئێران گومانی زۆریان لە دەستپێشخەرییە نوێیەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتی هەیە و بە لایەنە نێوەندگیرەکانیان راگەیاندووە، "ئێمە تاوەکو ئێستا دووجار لە لایەن ترەمپەوە فریودراوین و نامانەوێت بۆ جاری سێیەم تووشی هەمان شت ببینەوە."
بە گوتەی ئەو کەسانەی قسەیان بۆ ئاژانسی ئەکسیۆس کردووە، ئێرانییەکان ئاماژە بە دوو رووداوی پێشوو دەکەن کە تێیدا ترەمپ لە سەروبەندی رێککەوتن، گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی کتوپڕ هەڵکردووە.
حوزەیرانی رابردوو: تەنیا چەند رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان، ئیسرائیل بە پشتگیریی ترەمپ هێرشی کردە سەر ئێران.
سێ هەفتە لەمەوبەر: تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوەی لە جنێڤ گەیشتنە رێککەوتنێکی بەرایی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکان، ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگی ئێستایان دەستپێکرد.
ستراتیژیی "مستەکۆڵە و دەستی واڵا"
ئێستا ئەمریکا گوشار دەکات تاوەکو رۆژی پێنجشەممە لە شاری ئیسلام ئابادی پاکستان، کۆبوونەوەیەکی رووبەڕوو لە نێوان شاندەکانی هەردوولا بکرێت. راوێژکارێکی ترەمپ بە ئەکسیۆسی گوتووە، "ترەمپ دەستێکی بۆ رێککەوتن واڵایە و دەستەکەی دیکەشی مستەکۆڵەیە، چاوەڕێ دەکات کەی بۆکسێک بوەشێنێت." ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن دەیەوێت لە ژێر هەڕەشەی جەنگدا دانوستاندن بکات.
بۆ نیشاندانی جدییەتی خۆی، کۆشکی سپی پێشنیازی کردووە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ بەشداری لە دانوستاندنەکاندا بکات. ستیڤن ویتکۆف پێشنیازی ڤانسی کردووە، چونکە ئێرانییەکان وەک "هەڵۆیەکی شەڕخواز" نایبینن و پێگەکەشی قورسایی زۆری هەیە.
بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئێران بەیانیی رۆژی دووشەممە لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە (پاکستان، میسر و تورکیا) پلانی 15 خاڵیی ئەمریکای پێگەیشتووە کە بابەتەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ، کردنەوەی تەنگەی هورمز، لابردنی سزا و گەرەنتیی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت.
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هیچ گۆڕانکارییەک لە فەرمانە سەربازییەکانی پێنتاگۆن بۆ سێنتکۆم نەکراوە. پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دوای ئەوەی ترەمپ پێیگوت گوشارە سەربازییەکان تووندتر بکەن، رایگەیاند، "ئێمە لە رێگەی بۆمبەوە دانوستاندن دەکەین."
بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بە ئەکسیۆسیان گوتووە، تەنانەت ئەگەر دانوستاندنیش دەستپێبکات، پلانیان بۆ دوو بۆ سێ هەفتەی دیکە لە جەنگ هەیە. ئێستا هەزاران سەربازی مارێنز و تیمی بژاردەی فەوجی 82ی ئاسمانی بەرەو ناوچەکە لە رێگەدان.
ترەمپ رۆژی سێشەممە ئاشکرای کرد، ئێران "دیارییەکی" بە نرخ و گەورەی بۆ ئەمریکا ناردووە کە پەیوەندی بە رۆیشتنی نەوت و گازەوە هەیە لە ناو تەنگەی هورمز. ترەمپ پێیوایە ئەمە نیشانەی ئەوەیە، ئەوان لەگەڵ "کەسانی دروست" لە تاران مامەڵە دەکەن، چونکە ئەوەی بەڵێنیان دابوو جێبەجێیان کرد.
ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، خاڵی لەپێشینەی ئێران وەستاندنی بۆردوومانەکانە، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت بزانێت ئایا تاران ئامادەیە ئەو سازشانە بکات کە پێشتر رەتیدەکردنەوە یان نا.