بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.1 پلەی رێختەر رۆژئاوای ئیندۆنیزیای هەژاند


رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.1 پلە بە پێوەری رێختەر رۆژئاوای ئیندۆنیزیای هەژاند و ئاژانسەکانی بوومەلەرزەزانیش هۆشداری لە روودانی تسونامی تووند دەدەن.
 
بوومەلەرزەکە کاژێر 03:00 بەیانی بەکاتی ئیندۆنیزیا (11:00ـی شەوی دووشەممە بەکاتی هەولێر) روویداوە. بەیانیی رۆژی سێشەممە، 25ـی نیسانی 2023، ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 15.5 کیلۆمەتر لە دوورگەی مێندتاوی لە رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا بووە.
 
ئاژانسی جیۆفیزیایی ئیندۆنیزی لە دوای بوومەلەرزەکە هۆشداریدا لەوەی کە بوومەلەرەکە دەبێتە هۆی روودانی تسونامی. بە گوێرەی میدیا نێوخۆییەکانی ئیندۆنیزیا، خەڵکی ناوچەکە لە ترسی روودانی تسونامی لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە. 
 
تائێستا زیانەکانی بوومەلەرزەکە و ژمارەی قوربانییان بەتەواوی ئاشکرا نەکراون.
 
ئیندۆنیزیا زوو زوو رووبەڕووی بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانیی دەبێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتەکە دەکەوێتە سەر "ئەڵقەی ئاگر"ـی دەریای هێمن کە پشتێنەیەکی تووندی چالاکی بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانە.
 
یەکێک لە بوومەلەرزە هەرە بەهێزەکانی ئیندۆنیزیا لە ساڵی 2004 روویدا کە گوڕەکەی 9.1 پلە بوو و کەناراوەکانی سومارتای هەژاند و تسونامی لێکەوتەوە. بەهۆیەوە 220 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا کە 170 هەزاریان هاووڵاتیی ئیندۆنیزیا بوون.