سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی هۆشداری لە پاشەکشەی گەشەی ئابووریی جیهان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
لە 21ـی ئەم مانگە، کۆبوونەوەکانی بەهارەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و گرووپی بانکی جیهانی لە واشنتن دەستیانپێکردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی دەیان وڵات، لە نێویاندا عێراق و سووریا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشدارن.
هەرچەندە درووشمی سەرەکی کۆبوونەوەکە، دەرفەتەکانی کار و گەشانەوەی ئابوورییە، بەڵام پرسی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا و کاریگەریان لەسەر ئابووریی جیهان وەک سێبەرێک باڵی کێشاوە بەسەر زۆربەی کۆبوونەوەکانی ئەم ساڵدا.
ریچار سولیڤان، بەڕێوەبەری دامەزراوەی چارەسەر و ئیدارەدانی گۆڕانکاری بە رووداوی گوت: ''کاریگەریی ئەو باجانە لەسەر تەواوی جیهان دەبێت، رەنگە کاریگەرییەکەی زیاتر لە هەموومان لەسەر ئەمریکا بێت، سەیرکردنی ئەوەی کە تەمەنی کار بەرەو هەڵکشان دەچێت، پیشەسازیی ئەمریکا زیاتر پشت بە بازاڕەکانی دەرەوە دەبەستێت، کە دەچینە نێو تەمەنیشەوە، خەرجیی خزمەتگوزارییەکانمان زیاتر دەبن، بۆیەش پشتبەستنمان بە بازاڕە دەرەکییەکان زیاتر دەبێت و رەنگە هەرگیز نەگەڕێینەوە قۆناخی پێشووترمان، لەسەر ئاستی جیهانیش، بێگومان کاریگەریی لەسەر زنجیرەی دابینکردن دەبێت.''
جگە لە نوێنەری فەرمی وڵاتان، هاوکات نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بازرگان و شارەزایانی دارایی و ئابووریش ساڵانە بەشداری لە کۆبوونەوانە دەکەن. ئامانجیش لە بەشداریان، تاوتوێکردنی دۆخی ئابووریی جیهان و بەشداری هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەیە لەم گفتوگۆیانەدا.
لە نێو کۆبوونەوەکانی ئەم ساڵی هەردوو دامەزراوەکەش، چەند کوردێک بەشداریان کردووە، لە نێویاندا بازرگانێکی کوردە کە بۆچوونی وایە، گەشە و پاشەکشەی ئابووریی جیهان، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت.
سامان زەنگەنە، ئەو بازرگانەیە و گوتی: ''بەگشتی باس لە دۆخی ئابووریی هەموو جیهان دەکرێت، کە بەرەو پاشەکشەی بەرچاو دەڕوات، باس لەوە دەکرێت کە چۆن ئەو پاشەکشەیە رابگیرێت و باشتر بکرێت، دەبێت پەرەپێدانی دیکە بکرێت، باس لە سیستمی خەرجی و دۆخی ئابووری و هەروەها رۆڵی گەنجان لە قۆناخی داهاتوودا کرا، بەوپێییەی کە رێژەی گەنج زیاد دەبێت و دەرفەتەکانی کار کەمترن، باس لەو کێشانە دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش، بێگومان وەک هەر وڵاتێکی دیکە کاریگەر دەبێت بەو دۆخە ئابوورییە خراپەی لە هەموو جیهان هەیە.''
بەپێی دوایین راپۆرتی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، بە بەراورد بە سەرەتای ئەم ساڵ و بەهۆی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا، گەشەی ئابووریی جیهان بەڕێژەی 0.5٪ پاشەکشە دەکات، واتە لە سەدا 3.3ـەوە بۆ 2.8 دادەبەزێت، هۆشداریش بە وڵاتان دەدات شەڕی بازرگانی و پێناسە گومرگییەکان کاریگەریی نەرێنی زیاتریان لەسەر ئابووریی جیهان و خودی ئەو وڵاتانەش دەبێت کە باجەکان دەسەپێنن.