نەتەوە یەکگرتووەکان: جەنگی سوودان بووەتە هۆی ئاوارە و پەنابەربوونی 13 ملیۆن کەس
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، جەنگی دوو ساڵەی سوودان بووەتە هۆی ئەوەی لانیکەم 13 ملیۆن کەس ئاوارە یان دەربەدەری وڵاتان بن. ئەوەش جگە لەوەی دەیان هەزار کەس کوژراون.
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، "ململانێکانی سوودان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی 13ملیۆن کەس. لەو ژمارەیە 8.6 ملیۆن کەس لەنێوخۆ ئاوارەبوون و 3.8 ملیۆنیشیان لە وڵاتانی دیکە بوونەتە پەنابەر."
سوودان لە ئابی 2019ـەوە لە لایەن دەسەڵاتێکی راگوزەری تێکەڵ لە سەرکردەی سڤیل و سەربازییەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام لە 15ـی نیسانی 2023ـەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی دەستیپێکرد، هەرچەندە چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامن.
زیاتر لە دوو ساڵە جەنگەکە بەردەوامە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات لەوەی کە سوودان بەرەو قاتوقوڕی چووە.
تەندروستی جیهانی دەڵێت، نزیکەی 25 ملیۆن کەس لە سودان، کە زیاتر لە 14 ملیۆنیان منداڵن، پێویستییی زۆریان بە یارمەتی مرۆیی هەیە. هەروەها نزیکەی 17.7 ملیۆن کەس لە سەرانسەری سوودان کە دەکاتە نزیکەی 37٪ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، رووبەڕووی برسێتی تووند بوونەتەوە.
بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ شوێنێکی سوودان هێندەی دارفۆر مەترسیدار نییە، ئەوەش دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا، هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشێکی نوێیان بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری (ئەلفاشر) لە رۆژئاوای وڵاتەکە دەستپێکرد کە هێشتا لەژێر دەستی سوپادایە.
هەروەها هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنترۆڵکردنی کەمپی زەمزەمیان لە شارەکە راگەیاند، لەوکاتەشەوە لانیکەم 400 هەزار کەس لە کەمپەکە ئاوارە بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشتبەستن بە "سەرچاوەی باوەڕپێکراو" رایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە 400 کەس لەو وڵاتە کوژراون.
لە ماوەی دوو ساڵی جەنگەکەش، نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە، زیاتر لە 20 کەس لە وڵاتەکە کوژراون و 26 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
جەنگی نێوخۆی ئەو سوودان، وڵاتەکەی کردووەتە دوو بەش، سوپا باکوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەی لەژێر دەست دایە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا و هاوپەیمانەکانیشی زۆربەی دارفور و باشووری وڵاتیان کۆنترۆل کردووە.