پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ رووداو: لیستی سەتان ناوی چەکدارانی داعشمان بەدەستگەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی پۆلیسی فیدراڵیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەڵمانیا (BKA) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیستی ناوی سەتان ئەندامی گومانلێکراوی رێکخراوی داعشیان بەدەستگەیشتووە و ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی چەندین کەس لە ئەڵمانیا و ئەورووپا.
پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا (BKA) لە وەڵامی چەند پرسیارێکی کەهی مەحموود، هەواڵسازی دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، چەندین ساڵە لیستیان بەدەستدەگات کە ناوی چەکدار و لایەنگرە گومانلێکراوەکانی ئەو رێکخراوەیان تێدایە.
پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ رووداوی روونکردەوە، زۆربەی لیستەکان داتای زۆری رێکنەخراویان تێدایە. پۆلیسی فیدراڵیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەڵمانیا بە وردی و لە رێگەی ئامرازی تەکنیکییەوە کاریان لەسەر دەکات، راستی و دروستییان دەپشکنێت و بە بەکارهێنانی ستافێکی زۆر و سەرچاوەی کۆمپیوتەری، شیکارییان بۆ دەکات.
وەک پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی فیدراڵیی ئەڵمانیا ئاماژەی پێکردووە، ئەم کارە تاوەکو ئێستا سوودی زۆری هەبووە لەوانە:
• دەستنیشانکردنی ئەو ئەندامانەی داعش کە لە ئەڵمانیا دەژین و پێشتر لای پۆلیس نەناسراو بوون.
• رێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی گومانلێکراوی نوێ بۆ نێو وڵات.
• دەستپێکردنی چەندین لێکۆڵینەوەی نوێی تاوانکاری و بەهێزکردنی ئەو لێکۆڵینەوانەی پێشتر هەبوون.
هەندێک لەو دۆسیانە بە وەرگرتنی سزا لە دادگە کۆتاییان هاتووە. لەو دادگاییکردنانەدا راستیی لیستەکان و یەکگرتنەوەی ناوەکان لەگەڵ ناوی کەسەکان، بەڵگەی سەرەکی بوون بۆ سەلماندنی ئەندامێتییان لە رێکخراوی داعش.
پۆلیسی ئەڵمانیا ژمارەی ورد یان وردەکاریی زیاتری نەخستەڕوو و گوتی، لەبەر هۆکاری پەیوەست بە لێکۆڵینەوەکانەوە ناتوانێ لێدوانی زیاتر بدات.
ئەو دەزگایەی پۆلیس هەروەها رایگەیاند، ناتوانێت وەڵامی پرسیاری ورد بداتەوە سەبارەت بەوەی چەند گومانلێکراو خەڵکی ئەڵمانیان یان چەند کەسیان سزادراون، یان هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو کەسانە بدات کە لە لایەن داعش داعشەوە بە کۆیلە کرابوون.
گوتەبێژێکی پۆلیسی تاوانەکانی فیدراڵیی ئەڵمانیا گوتی، لێکۆڵینەوەی بەردەوام لەو لیستانە "بۆ پاراستنی ئاسایش لە سەرتاسەری ئەورووپادا گرنگە."