نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی ئاوارەکانی شەڕی نێوخۆی سوودان گەیشتووەتە 1.3 ملیۆن کەس


رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی شەڕی نێوخۆی سوودانەوە ئاوارە بوون، ملیۆنێکی تێپەڕاندووە، نزیکەی 320 هەزار کەسیش وڵاتەکەیان جێهێشتووە و روویان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 24ـی ئایاری 2023، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا سەبارەت بە دۆخی مرۆیی لە سوودان، ئاماژەی بە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانە کرد کە بەهۆی شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەوە ناچاربوون شوێنەکانی خۆیان بەجێبهێڵن و بەدوای شوێنێکی سەلامەتردا بگەڕێن و رایگەیاند: "یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوونە."
 
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەشی پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێی سوودان بردووە، رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە: "نزیکەی 319 هەزار کەس کۆچیان کردووە."
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، زیاتر لە 132 هەزار هاووڵاتیی سوودانی روویان لە میسر کردووە و 80 هەزار سوودانی دیکە گەیشتوونەتە چاد و 69 هەزاری دیکەش روویان لە سوودانی باشوور کردووە. 
 
لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ ناسراو بە حمێدتی، بەردەوامە؛ تاوەکو ئێستا چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە و هەردوولاش یەکدی بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن. 
 
دوایین ئاگربەست لەنێوان هەردوو لایەنە نەیارەکەی سوودان، رۆژی دووشەممە، 22-5-2023، بەنێوەندگیریی سعودیە و ئەمریکا راگەیێندرا و ئاماژەیان بەوەکرد کە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 23-5-2023، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا سعودیە و ئەمریکا رایانگەیاند، هیچ یەک لە لایەنە نەیارەکانی سوودان بەتەواوەتی پابەندی ئاگربەست نەبوون. داواشیانکرد، هەردوولا پابەندی ئاگربەستەکە کاتییەکە ببن بۆ ئەوەی بتوانن هاوکارییە مرۆییەکان بەتەواوەتی بە خەڵکی سیڤیلی سوودان بگەیێندرێت. 
 
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پاپاوا گینێی هەڕەشەی لە هەردوو لایەنە نەیارەکەی سوودان کرد، ئەگەر پابەندی ئاگربەست نەبن، ئەوا ئەمریکا سزایان بەسەردا دەسەپێنێت.
 
بەگوێرەی سەندیکای پزیشکانی سوودان، لە سەرەتای جەنگەکەوە زیاتر لە 863 هاووڵاتیی سیڤیل کوژراون، لانیکەم 190ـیان منداڵن و زیاتر لە 3.530 کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە دۆخی مرۆیی سوودان بەرەوخراپتر دەچێت و زیاتر لە 24 ملیۆن هاووڵاتیی سوودانی پێویستییان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.