مایکرۆسۆفت: هاککەرە چینییەکان ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئاسیا دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمریکی دەڵێت، هاککەرەکانی سەر بە حکومەتی چین ماوەیەکە ژێرخانی ئەمریکایان بە ئامانجکردووە و دەکرێت زەمینەسازیی تەکنیکییان کردبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا، هێرش بکەنە سەر پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکانی نێوان ئەمریکا و ئاسیا.

بەشێک لەو ئامانجانە گوایە دەکەونە دوورگەی گوام-ی ئەمریکا لە رۆژئاوای زەریای هێمن. هێرشی سایبەری، لە تێکدانی ئەلیکترۆنییەوە تاوەکو دەگاتە ڤایرۆسی پێشکەوتوو، بووەتە روویێکی دیاری ململانێی جیۆسیاسیی سەردەم.
 
مایکرۆسۆفت رۆژی چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، گرووپە هاککەرە چینییەکە بە ناوی ڤۆڵت تایفوونەوەیە و لە نێوەڕاستی ساڵی 2021ـەوە چالاک بووە. 
 
بەگوێرەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە، ئەو دامەزراوانەی کەوتوونەتە بەر هێرشی سایبەریی هاککەرە چینییەکان، لە کەرتەکانی پەیوەندی، پیشەسازی، گواستنەوە، بیناسازی، دەریاگەری، تەکنەلۆژیای زانیاری و پەروەردە کاردەکەن. 
 
هاوکات ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی، ئێف بی ئای، ئاژانسی ئاسایشی سایبەر و ژێرخانی ئەمریکا و هاوتاکانیان لە ئوسترالیا، نیوزیلاند، کەنەدا و بەریتانیا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا باس "لەو چالاکییانە" دەکەن "کە بەمدواییانە دۆزراونەتەوە."
 
جۆن هۆڵتکویست، شرۆڤەکاری ئاساییشی سایبەریی گووگڵ، بڵاوکراوەکەی مایکرۆسۆفتی بە "دۆزینەوەیەکی زۆر گرنگ" ناوبرد و گوتی: "ئێمە زۆر لێکۆڵینەوەی وا لە چین نابینین. ئێمە زۆر لە بارەی توانا سایبەرییەکانی رووسیا، کۆریای باکوور و ئێرانەوە دەزانین، چونکە ئەوان بەردەوام ئەم شتەیان کردووە."
 
ئەو پسپۆڕە هەروەها باسی لەوە کرد، کە لە رابردوودا، چین پەنای نەبردووەتە بەر ئەو ئامرازانەی کە دەکرێت نەک تەنیا بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، بەڵکو بۆ بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسیش بەکاربێن بۆ ئەوەی لە ئەگەری ململانێی چەکداریی داهاتوودا، سوودیان لێ ببینێت.
 
مایکرۆسۆفت ئاماژەی بەوە کردووە، کە هەڵمەتی هاککردنەکە "سەرنجی هەرە زۆری لەسەر پەنهانی بووە"، واتە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆس بۆ ئەوەی بە شاراوەیی دەستیان بە ئامێرەکان بگات، بە جۆرێک کە هەوڵیانداوە لە رێگەی هاککردنی ئامێرە بچووکەکانەوە، لە نێویاندا راوتەری ئینتەرنێت، ئەو ڤایرۆسە جێگیر بکەن.