سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشوازی لە پێشکەوتنی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشوازیی لەو پێشکەوتنە کرد کە لە دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەدەستهاتووە و رایگەیاند، حکومەتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی خەڵکی بەریتانیا لە کاریگەرییەکانی جەنگەکە.
رۆژی یەکشەممە 25-05-2026، کیەر ستامەر لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی رایگەیاند: "پێشوازی لە پێشکەوتنی رێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا دەکەین."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ هەر رێککەوتنێک خستەڕوو و گوتی: "پێویستە رێککەوتنێک ببینین کە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت و تەنگەی هورمز بکاتەوە، بە ئازادیی کەشتیوانیی بێمەرج و بێ کۆتوبەند. زۆر گرنگە کە هەرگیز رێگە بە ئێران نەدرێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات."
ستامەر گوتی، "حکومەتەکەم بەردەوام دەبێت لە کردنی هەموو شتێک کە بتوانین بیکەین بۆ پاراستنی خەڵکی بەریتانیا لە کاریگەریی ئەم جەنگە."
لە کۆتاییدا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: "لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانماندا کاردەکەین بۆ قۆستنەوەی ئەم ساتە و گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسیی درێژخایەن."
رۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ، دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئێران خستەڕوو و رایگەیاند، "دانوستاندنەکان بە شێوەیەکی رێکوپێک و بنیاتنەرانە بەڕێوەدەچن."
سەرۆکی ئەمریکا نووسی، "من نوێنەرەکانمم ئاگادار کردووەتەوە پەلە نەکەن لە رێککەوتن، چونکە کات لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە."
هەروەها گوتی، "گەمارۆکە بە تەواوی هێز و کاریگەرییەوە دەمێنێتەوە تاوەکو رێککەوتنێک دەکرێت، پشتڕاست دەکرێتەوە و واژۆ دەکرێت. هەردوولا دەبێت کاتی خۆیان وەربگرن و بە دروستی بیکەن. نابێت هیچ هەڵەیەک هەبێت."
ترەمپ بڵاوکراوەکەی بە رەخنەگرتنێکی تووند لە رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015 دەستپێکرد و نووسی: "یەکێک لە خراپترین رێککەوتنەکان کە تائێستا وڵاتەکەمان کردوویەتی، رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بوو، کە لەلایەن باراک حوسێن ئۆباما و ناشارەزاکانی ئیدارەی ئۆباماوە پێشکەشکرا و واژۆ کرا. ئەوە رێگەیەکی راستەوخۆ بوو بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە."