مووشەکێکی رووسی مانگێکی دەستکردی ئێرانی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، رۆژی هەینی مووشەکێکی رووسی مانگێکی دەستکردی ئێرانی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە. ئەمەش وەکو دوایین دەستکەوتی بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی تاران دێت کە ماوەیەکی زۆرە رۆژئاواییەکانی نیگەران کردووە.
رۆژی هەینی 25ی تەممووزی 2025 تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، "مانگی دەستکردی ناهید – 2 لە بنکەی ڤۆستۆچنی ئاسمانی رووسیاوە بە بەکارهێنانی مووشەکی سویوز هەڵدرا."
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد، مانگە دەستکردەکە کێشی 110 کیلۆگرامە و لەلایەن ئەندازیارانی ئێرانییەوە دیزاین و دروستکراوە.
وڵاتانی رۆژئاوا ماوەیەکی زۆرە نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر ئەو پێشکەوتنە دەربڕیوە، کە ئێران لە بواری بۆشایی ئاسمانیدا بەدەستیهێناوە و پێیانوایە تاران لەو رێگەیەوە پەرە بە مووشەکی بالیستی دەدات.
رەوانەکردنی مانگە دەستکردەکە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێران بوو لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ئیستەنبووڵ.
لە کانوونی یەکەمی رابردوو، ئێران رایگەیاند، بە بەکارهێنانی مووشەکهەڵگری نێوخۆیی، قوورسترین باری خۆی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە.
هەروەها لە مانگی ئەیلوولدا، رایگەیاندبوو مانگی دەستکردی چەمران – 1ی بە بەکارهێنانی مووشەکهەڵگری قائیم – 100 رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە کە بەشی فڕۆکەوانی سوپای پاسداران دروستی کردووە.