گرۆسی: هیچ زانیارییەکمان لەبارەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران نییە، دەشڵێت ئامادەن دەست بە گفتوگۆکان بۆ سەردانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بکەنەوە.
رۆژی هەینی، 25ی تەممووزی 2025، رافائێل گرۆسی، بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە کۆنفراسێکی تایبەت بە وزەی ئەتۆم لە سەنگاپوورە رایگەیاند، "گرنگە گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی تیمەکانمان سەردانی ئێران بکەنەوە". دەشڵێت، "دەتوانین سەرەتا بە باسکردنی وردەکارییە تەکنیکیەکان دەست بە گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بکەین".
رۆژی 13ی حوزەیرانی ئەم ساڵ ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران. بەرپرسانی ئێران راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیان بە هۆکاری هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان دانا. لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، ئێران سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەیە.
رۆژی 25ی هەمان مانگ پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکی بۆ راگرتنی هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ ئاژانسەکە پەسندکرد و رۆژی 2ی ئەم مانگەش سەرۆکی وڵاتەکە بڕیارەکەی پەسند کرد.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا هێرشیکردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لە ئێران.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمەی لەو سێ بنکەیەدا بوون، بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم گوتی: "هیچ زانیارییەکمان سەبارەت بە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران نییە."
رافائیل گرۆسی، ئاماژەی بەوەدا لە ئەگەری گەڕانەوەی تیمەکانیان بۆ ئەو ناوەندە ئەتۆمییانەی ئێران کە هێرشیان کرایە سەر: "پێویستە رێکاری پێشوەختەی خۆپارێزی بگیرێتەبەر".