بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، بەریتانیا سزای قاچاخچییانی مرۆڤ دەسەپێنێت و ناوی 10 کوردی تێدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

لەم هەفتەیەدا و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، حکومەتی بەریتانیا سیستمێکی نوێی سزادانی دژی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی مرۆڤ راگەیاند و گەمارۆی خستەسەر 43 کەس و کۆمپانیایەک. بەپێی لیستە فەرمییەکە، 10 کورد لەنێو سزادراوەکاندان، کە تۆمەتبارن بەوەی دەستیان لە گواستنەوەی نایاسایی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە هەبووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لەو کوردانە لە بەریتانیا نیشتەجێن و هەندێکیان دەستگیرکراون یان هەڵاتوون، لە کاتێکدا بەشێکی دیکەیان لە باشووری کوردستانن. ناوی سەرجەمیشیان لە بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو پارێزراون.
 
ئەو کەسانە تۆمەتەکانیان فرە لایەنە، لەوانەش:
 
- ئەنجامدانی کاری حەواڵە لە باشووری کوردستانەوە.
 
- گواستنەوەی کۆچبەران لە وڵاتانی وەکو تورکیا، سربیا، بەلجیکا و فەرەنساوە بۆ بەریتانیا.
 
- وەرگرتنی کۆچبەران لە نێوخۆی بەریتانیا و گەیاندنیان بە شوێنی مەبەست.
 
هەندێک لەو کوردانەی لە بەریتانیان، بۆ شاردنەوەی کارە نایاساییەکانیان، خاوەنی کاری بازرگانیی یاسایین، وەکو سوپەرمارکێت، دووکانی پۆڵۆنی و کۆمپانیای بواری خۆراک.
 
وردەکاریی سزاکان
 
سزاکانی حکومەتی بەریتانیا بۆ ئەو کەسانە تووندن و بریتین لە:
 
- دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان: هەرچی موڵک و سامانیان لە بەریتانیا هەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
 
- قەدەخەی گەشتکردن: ئەو کەسانە مافی هاتنە ناوەوە یان دەرچوونیان لە بەریتانیا نابێت.
 
سزای هاوکاریکاران بە شێوەیەکە، هەر کەسێک یارمەتیی دارایی یان هەر جۆرە هاوکارییەکی ئەو کەسانە بکات، یان کارێک بکات کە قازانجی ئەوانی تێدابێت، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
 
جگە لە 10 هاووڵاتییە کوردەکە، کەسانی دیکەی سزادراو خەڵکی ئەلبانیا، سربیا و مەغریبن. یەکێک لە کەسە سەرەکییەکان کە بە "سەری مارەکە" ناوبراوە و ئێستا لە سربیا نیشتەجێیە، پاشناوەکەی "تەتوانی"یە. هەرچەندە "تەتوان" ناوی شارێکە لە باکووری کوردستان، بەڵام بەدواداچوونەکان دەریانخستووە کە ئەو کەسە خەڵکی ناوچەی "تەتوان"ە لە وڵاتی مەغریب.