سەرۆکی کۆمپانیای سامسۆنگ 5 ساڵ زیندانی دەکرێت
رووداو- هەولێر
دادگایەک لە کۆریای باشوور، بریاری زیندانیکردنی لی جەی یانگ، سەرۆکی کۆمپانیای سامسۆنگ دەرکرد بۆ ماوەی پێنج ساڵ ، بەتۆمەتی تێوەگلان لە کەیسێکی گەندەڵی لەو وڵاتەدا.
سەرۆکی کۆمپانیای سامسۆنگ تاوانبار کراوە لەو کەیسە گەندەڵییەی کە بووە هۆکاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پێشووی کۆریای باشوور لە پۆستەکەی.
لی جەی یانگ هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە، بەڵام داواکاری گشتی داوای 12 ساڵ زیندانیکردنی کردبوو.
یانگ بەوە تۆمەتبارکراوە کە 36 ملیۆن دۆلاری داوە بە چۆی سوون سیل، خزمەتکارێکی سەرۆکی پێشووی کۆریای باشوور بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی کۆمپانیای سامسۆنگ هەندێ رێوشوێن بگرێتەبەر.
داواکارانی گشتی کۆریای باشوور رایانگەیاندووە، ئەو پارەیە بۆ ئەوە بووە سەرۆکی کوریا لە بەرژەوەندی سامسۆنگ رازی بێت بە پلانێکی رێکخستنەوەی کۆمپانیاکە کە بووەتە هۆکاری بەهێزبوونی رۆڵی لی جەی یانگ.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان