بەریتانیا سێ قاچاخچیی کۆچبەران زیندانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا رایگەیاند، دادگەیەکی ئەو وڵاتە سزای بەندکردنی بۆ سێ قاچاخچی دەرکرد کە کۆچبەرانیان بە بەلەمی بچووک لە ئەوروپاوە دەبردە بەریتانیا.
قاچاخچییەکان یەکێکیان بەریتانی و دووانەکەی دیکە ئەلبانین، دوای ئەوەی دانیان بەوەدا ناوە کە کۆچبەرانیان بە نایاسایی گواستووەتەوە، لە دادگەی شاهانەی نۆتینگهام سزای پێنج ساڵ بەندکردنیان بۆ دەرکرا.
بانێت تێرشانا، کە هاووڵاتیی ئەلبانیایە، "پارەی لە کۆچبەران وەرگرتووە،" قاچاخچییەکی دیکەی ئەلبانی بە ناوی کۆلدیان شێناج "هاوئاهەنگیکار" بووە لەنێوان قاچاخچییەکانی ئەوروپا و بەریتانیا.
قاچاخچیی سێیەم ناوی دیزمند رایسە و لەگەڵ یەکێکی ئەلبانی بەناوی جێتمیر میرتاج، یارمەتیی کۆچبەرانیان داوە بۆئەوەی بە نایاسایی لە دەریا بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.
میرتاج لە 29ی ئەم مانگە سزای بۆ دەردەکرێت. پۆلیس بەدوای قاچاخچییەکی دیکەوەیە کە ئەویش تۆمەتبارە و دەبێت رووبەڕووی دادگە بێتەوە، بەڵام بۆ دەرەوەی وڵات رایکردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا، ئەو تۆڕە قاچاخچییە لە تشرینی یەکەمی 2022 بەرپرس بووە لە گواستنەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی لە فەرەنسا و بەلجیکاوە بۆ بەریتانیا.
هەروەها ئاژانسەکە باسی لەوە کردووە، دوو قاچاخچیی دیکەی بەلجیکی لە کاتی هەوڵدان بۆ گواستنەوەی کۆچبەران دەستگیرکراون و لە وڵاتی خۆیان دادگایی دەکرێن.
دەرکردنی سزا بۆ سێ قاچاخچییەکە لە کاتێکدا دێت کە حکومەتەکەی ریشی سووناک بەڵێنی داوە کۆتایی بە پەڕینەوەی مەترسیداری کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز بهێنێت کە لەم ساڵانەی دواییدا زیادیکردووە.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هۆکاری زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی دەخاتە ئەستۆی قاچاخچییەکان.
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت زۆربوونی کۆچبەران بووەتە هۆی دروستبوونی گوشار بۆ سەر دۆخی دارایی و خزمەتگوزارییەکان، بۆیە دەیەوێت سزا بۆ کۆچی نایاسایی دابنێت و پەناخوازان رەوانەی رواندا بکات؛ هەنگاوێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لێ دەگرێت.
بەڵام وێڕای هەوڵەکانی حکومەت، ژمارەی داواکارییە کەڵەکەبووەکانی پەنابەرێتی لە کۆتایی مانگی حوزەیران گەیشتە لووتکە، کە سەرووی 175 هەزارە.