رووسیا: تەرمی 10 سەرنشین و دوو سندووقە رەشەکەی فڕۆکەکەی ڤاگنەر دۆزرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەرانی رووسیا رۆژی هەینی رایانگەیاند، سندووقی رەش و تەرمی 10 سەرنشینی فڕۆکە تێکشکاوەکەی ڤاگنەریان دۆزیوەتەوە کە دەگوترێت یەڤگینی پریگۆژین، خاوەنی کۆمپانیا سەربازییەکە تێیدا گیانی لەدەستداوە.
لێکۆڵینەوە بەردەوامە و هێشتا بەرپرسانی رووسیا هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکەیان ئاشکرا نەکردووە، کە دوو مانگ دوای یاخیبوونە کورتخایەنەکەی ڤاگنەر دژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا هات.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا تەرمی 10 قوربانی لە شوێنی تێكشکانی فڕۆکەکە دۆزراونەتەوە؛ پشکنینی بۆماوەیی دەکرێت بۆئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت."
لەدوای تێکشکانی فڕۆکەکە لە رۆژی چوارشەممە کە هەروەها بووە هۆی گیانلەدەستدانی بەشێک لە کەسە هەرە نزیکەکانی پریگۆژین، ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی رۆژئاوا و رەخنەگرانی کرێملن، باسیان لەوە کرد کە دەکرێت پریگۆژین بە مەبەست کوژرابێت.
کرێملن رەتیدەکاتەوە دەستی لە رووداوەکەدا هەبووبێت و بە "تراژیدیا" ناوی دەبات، تۆمەتەکانی دژی خۆیشی بە "درۆی تەواو" ناودەبات.
بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاندووە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە پێشێلکردنی یاساکانی گەشتە ئاسمانییەکان، بەڵام تائێستا لەبارەی ئەوەی کە دەکرێت هۆکارەکەی چی بووبێت، هیچیان نەگوتووە.