حکومەتی ئەمریکا سکاڵا دژی کۆمپانیای سپەیس ئێکس تۆمار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بەتۆمەتی "جیاوازیکردن لە سیستمی دامەزراندن" سکاڵایان لە دژی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک تۆمار کردووە.
رۆژی پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، کریستێن کلارک، یاریدەدەری داواکاری گشتیی بەشی مافە مەدەنییەکان لە وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەکانمان دەریخستووە کە کۆمپانیای سپەیس ئێکس نەیتوانیوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پەنابەران دابمەزرێنێت بەهۆی ئەوەی کێشەی رەگەزنامەیان هەبووە، سەرەڕای ئەوەی بڕوانامەی پێویستیشیان هەبووە، ئەوەش پێشێلکارییە بەرامبەر بە یاساکانی فیدراڵی."
بەگوتەی کلارک، ئەو تیمەی کە لە کۆمپانای سپەیس ئێکس وەکو دەستەی دامەزراندنی کارمەند کاریانکردووە، بوونەتە هۆی ئەوەی پەنابەران بێهیوابن لە داواکردنی کار لە کۆمپانیاکە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، کۆمپانیای سپەیس ئێکس لەکاتی هەبوونی هەلی کاردا لە کۆمپانیاکە گوتوویەتی تەنیا هەڵگرانی گرین کارت یاخود هەڵگرانی رەگەزنامەی ئەمریکی دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن.
بەگوێرەی یاسای فیدراڵیی ئەمریکا، ئەو کۆمپانیایانەی کە لە بواری بەرهەمهێنانی کەشتی ئاسمانی و رۆکێتدا کاردەکەن دەبێت کەمترین کارمەندی بیانییان هەبێت، هۆکارەکەشییان بۆ ئاسایشی نیشتمانی گەڕاندووەتەوە.
لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، چەند کارمەندێکی پێشووی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) سکاڵایەکیان لە دادگەی فیدراڵی دژی ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیاکە تۆمارکرد و رایانگەیاند، مەسک لە "جیاوازیکردن لەنێوان رەگەز، تەمەن و رەچەڵەک" تێوەگلاوە.
کۆمپانیای سپەیس ئێکس، کۆمپانیایەکی تایبەتی ئەمریکییە و لە ساڵی 2002 لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە دامەزاروە، ئەو تەکنەلۆژیایانە بەرهەمدەهێنێت کە تایبەتن بە بۆشایی ئاسمان و تائێستا کۆمپانیاکە چەندین مانگی دەستکردی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە.