کرێملن رەتیدەکاتەوە پووتین دەستی لە کوشتنی پریگۆژیندا هەبووبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی کرێملن ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە باس لە تێوەگلانی سەرۆکی رووسیا لە کوشتنی پریگۆژیندا دەکەن و دەڵێن، "درۆیەکی رەهایە."
 
رۆژی پێجشەممە 25ی ئابی 2023 دیمتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە مۆسکۆ گوتی، "قسە و باسێکی زۆر دەربارەی تێکشکانی فڕۆکەکە و مردنی کارەساتباری سەرنشینەکان، لەنێویاندا پریگۆژین دەکرێت؛ بە دڵنیاییەوە، ئەو گریمانەی رۆژئاوا لە گۆشەیەکی دیاریکراودا دەخرێنەڕوو؛ هەموو ئەمانە درۆیەکی رەهان."
 
سەبارەت بە بەشداریکردنی پووتین لە پرسەکەی پریگۆژیندا، پێسکۆڤ رایگەیاند، پووتین ناتوانێت بەشداری لە پرسەکەیدا بکات، "خشتەی کارەکانی سەرۆک ئێستا پڕ لە سەرقاڵییە."
 
دوای رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی و گیانلەدەستدانی پریگۆژین، بەشێک لە بەرپرسانی رۆژئاوا پووتینیان بە کوشتنی پریگۆژین تۆمەتبار کرد.
 
رۆژی پێنجشەممە، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەرپرسانی کۆشکی کرێملنی بە کوشتنی پریگۆژین تۆمەتبار کرد و گوتی، "ئەوە شتێکی ئاسایی نییە کە کەسێکی ریسوابووی متمانەپێکراوی پێشووی پووتین لەناکاو لە ئاسمانەوە دەکەوێتەخوارەوە، لەکاتێکدا دوو مانگ پێش ئێستا لە پووتین هەڵگەڕابووەوە."
 
هاوکات، ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێمە هیچ پەیوەندیمان بەو دۆخەوە نییە؛ پێموایە هەموو کەسێک دەزانێت کە کێ تێوەگلاوە."
 
رۆژی چوارشەممە 23ی ئابی 2023 ئاژانسی گواستنەوەی ئاسمانیی فیدراڵیی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا ناوی یەڤگینی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکەی بڵاوکردەوە، کە لەنێو فڕۆکەکەدا بوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
 
فڕۆکە تایبەتەکەی پریگۆژین، کە سێ تیمی فڕۆکەکە و شەش کەسی دیکەی تێدابوو، لە مۆسکۆوە بەرەو سەینت پیتەرسبۆرگ بەڕێکەوتبوو.
 
دوای رووداوەکەش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی نێڤادا لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا دەربارەی کوشتنی پریگۆژین گوتی، "نازانم چی روویداوە، بەڵام [بە کوشتنی پریگۆژین] تووشی سەرسوڕمان نابم."
 
گیانلەدەستانی پریگۆژین لە کاتێکدایە، حوزەیرانی ئەمساڵ یاخیبوونی سەربازی لە دژی مۆسکۆ راگەیاند. 10 هەزار چەکداری گرووپەکە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی ئۆکراینایان جێهێشت و بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتن؛ شاری رۆستۆڤیان کۆنترۆڵکرد و تاوەکو 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ نزیکبوونەوە.
 
بەڵام بە نێوەندگیری ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس پێشڕەوییەکانیان راگرت و بەشێک لە چەکدارەکانی گرووپەکە گواسترانەوە بۆ بێلاڕووس.