لە واشنتن خۆپێشاندان دژی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان کرا
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 100 کەس لە واشنتن دی سی خۆپێشاندانیان دژی بڵاوکردنەوەی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان کرد.
هێزەکان کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جێگیرکراون، ماڵێکیان پشکنی کە ناڕەزایی خەڵکی بەدوادا هات.
خۆپێشاندەران بە کەوچک دەیانکێشا بە مەنجەڵەکاندا و درووشمی وەک "لە گەڕەکەکەمان بڕۆنە دەرەوە" و "واز لە کارەکانتان بهێنن"یان دەگوتەوە.
دوای چەند کاژێرێک، هێزە فیدراڵییەکە شوێنەکەیان جێهێشت و چەند سندووقێکیان لەگەڵ خۆیان برد، لەو کاتەشدا خۆپێشاندەران بەردەوامبوون لە گوتنەوەی درووشم.
ترەمپ پێیوایە هێزە ئەمنییە خۆجێییەکانی شارەکە لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانکاراندا شکستیان هێناوە، بۆیە بڕیاری داوە حکومەتی فیدراڵی دەستوەردان بکات و پاسەوانی نیشتمانی بڵاوبکاتەوە.
بەشێک لە یەکەکانی پاسەوانی نیشتمانی لە واشنتن دی سی دەستیان کردووە بە هەڵگرتنی چەک، وەک هەنگاوێک بۆ تووندوتۆڵترکردنی رێکاری ئەمنی.