وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئەم ساڵ 2,132 سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی پڕۆگرامێکدا چوار هەزار یۆرۆ دەداتە هەر خێزانێکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. گوتەبێژێک لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بە رووداوی گوت، ئەم ساڵ زیاتر لە دوو هەزار سووریایی گەڕاونەتەوە و زیاتر لە چوار هەزار کەسیش داوای گەڕانەوەیان کردووە.
 
گوتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی کەهی مەحموود، ئیدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتی تۆڕی میدیایی رووداو باسی پلانی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتییانی سووریا بۆ زێدی خۆیان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، هەر خێزانێک بگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی، یان وڵاتی سێیەم کە قبوڵیان بکات، هاوکاریی مادیی دەکەن.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا گوتی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 15ـی ئەیلوول، 4 هەزار و 424 کەس داوای گەڕانەوەی خۆویستانەیان بۆ سووریا کردووە، بەڵام بە گوێرەی ئەوەی نەتەوە تۆمار ناکرێت لە سیستمیاندا، نازاندرێت چەندیان هاونیشتمانی رۆژئاوای کوردستانن.
 
هاوکاریکردنی گەڕانەوەی خۆویستانە لە ئەڵمانیاوە بۆ سووریا، لە چوارچێوەی پرۆگرامی فیدراڵی و هەرێمیی REAG/GARP 2.0ـی ئەو وڵاتەدایە بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران، کە لە 13ـی مانگی یەکی ئەم ساڵەوە سووریا لەو پرۆگرامەدا قبوڵکراوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێ، حکومەتی ئەڵمانیا بە یارمەتییە داراییەکان لە پڕۆگرامەکەدا بەشدار دەبێت و خەرجییەکانی گەشتی گەڕانەوە بۆ هەر کەسێک کە دەگەڕێتەوە دەدات، ئەوانیش بەم شێوەیەن: 
 
پارەی گەشت: هەر کەسێک کە تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتر بێت 200 یۆرۆ و کەمتر بێت 100 یۆرۆ وەردەگرێت.
 
هاوکاریی دارایی: هەر کەسێک بگەڕێتەوە هەزار یۆرۆ وەردەگرێت (500 یۆرۆ بۆ ئەوانەی لە 18 ساڵ کەمترن)، هەروەها هەر خێزانێک بگەڕێتەوە، بڕە پارەیەک وەردەگرێت کە تاوەکو چوار هەزار یۆرۆیە.
 
هاوکاریی پزیشکی: ئەگەر کەسێک نەخۆش بێت، دوای گەیشتنی بە شوێنی مەبەست، بڕە پارەیەک بۆ ماوەی سێ مانگ وەردەگرێت کە تاوەکو دوو هەزار یۆرۆ دەبێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ رووداو
 
رووداو: چەند سووری و کوردی سووریا ئەم ساڵ لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکەتاندا داوای داوای گەڕانەوەی خۆویستانەیان بە پشتگیریی حکومەت بۆ سووریا کردووە؟
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا: نەتەوە لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکەدا تۆمار ناکرێت. سووریا لە رۆژی 13ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پڕۆگرامی فیدراڵی و ویلایەتەکانی REAG/GARP 2.0 بۆ پشتگیریکردنی دەرچوونی خۆبەخشانە قبووڵ کرا. تاوەکو 15ـی ئەیلوولی 2025، لە دامەزراوەی فیدراڵی کۆچبەر و پەنابەران، کە پڕۆگرامەکە جێبەجێ دەکات 4 هەزار و 452 کەس خۆیان تۆمار کردووە بۆ گەڕانەوە. پێشتریش لە هەمان سیستمدا 2 هەزار و 132 کەسیان گەڕاونەتەوە سووریا.
 
رووداو: ئەم پڕۆگرامە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا: ئەمە پڕۆگرامێکی بێسنوورە بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانە بۆ زۆر لە وڵاتانی بنەڕەت، واتە تەنیا  سووریا دروست نەکراوە، پڕۆگرامێکی گەڕانەوەی ستانداردکراوە کە زیاتر لە 40 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، کە تێیدا حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی پشتگیریی دارایی دەدەنە کۆچبەرە کەمدەرامەتەکان کە بە خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان، یان کۆچ دەکەن بۆ وڵاتێکی سێیەم کە ئامادەیە قبووڵیان بکات.
 
رووداو: ئایا لە کەسانی گەڕاوەدا دووبارە داوای گەڕانەوە بۆ ئەڵمانیا کراوە؟
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا: لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکەدا لەم بارەیەوە زانیاری نییە. پرۆگرامی REAG/GARP تەنیا یەک جار پشتگیریی دەرچوونی خۆبەخشانەی درێژخایەن دەکات.
 
رووداو: ئایا تۆمارکراوە کە کەسانی گەڕاوە چوونەتەوە کام ناوچەی سووریا؟
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا: ناوچە ئامانجدارەکان لە چوارچێوەی REAG/GARPدا تۆمار ناکرێن.