لە هۆڵەندا چوار گەنجی کورد بەشدارییان لە کۆنفرانسی ئەنجوومەنی دیدگای گەنجاندا کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنفرانسی ئەنجوومەنی دیدگای گەنجان لە شاری ئەمستردامی هۆڵەندا بەڕێوەچوو. چوار گەنجی کورد بە ئاڵای کوردستانەوە بەشدارییان تێدا کرد. 
 
کاروان کەمال، رۆژنامەنووس و توێژەر لە باشووری کوردستانەوە بەشداری کردووە و دەڵێت: "لێرە کۆمەڵێک گەنج و سەرکردە بەیەکەوە باس لە مافەکانی مرۆڤ، سیستەمی پەروەردە لە جیهاندا و کاریگەریەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا دەکەن. لێرە کۆمەڵێک گەنجی شارەزا و سەرکردە هاتوون بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پرسە هەنووکەییەکان بکەن." 
 
200 گەنج و سەرکردە لە 180 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کرد. بەشێکیان بەرپرسیارییەتیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک رێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتیدا هەیە. 
 
ڤانیا جەرا، قوتابی ماستەرە و لە پیرۆوە بەشداری کردووە، دەڵێت: "دەرفەتم هەبوو گفتوگۆ لەگەڵ کوردەکان بکەم سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، پەروەردە و شکۆی خەڵک. ئەمەش زۆر ناوازە بوو". 
 
جگە لە کورد، گەنجانی نەتەوەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بەشدار بوون. کۆنفرانسەکە لەلایەن سەنتەری کاروباری بەرەوپێشبردنی دیپلۆماسی هۆڵەنداوە رێکخرابوو. 
 
ئیلی ساندۆڤێر، کاندیدی ئەنجوومەنی کرێکاران لە بێنشام مانۆری بەریتانیا دەڵێت: "باسمان لە پەروەردە، گەنجان، دیپلۆماسی و چۆن گەنجان دەتوانن داهاتوویەکی باش و پڕ ئاشتی بۆ هەموان دروستبکەن. کرد" 
 
بۆیانا لالاتۆڤیچ، باڵیۆزی هەماهەنگی لاوانی ئەوروپایە مۆنتینێگرۆ و ئاماژە بەوە دەدات: "لە ئەنجوومەنی دیدگای گەنجانم لە ئەمستردام. زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پەروەردە، مافەکانی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاسا. هەروەها، بۆ باسکردنی هەموو ئەو شتانەی دەتوانین بیانکەین بۆ باشترکردنی دۆخەکە لە سەرانسەری جیهاندا". 
 
ئەمە یەکەمین کۆنفرانسی ئەنجوومەنی دیدگای گەنجان بوو، بڕیارە ساڵانی داهاتووش بەردەوام بێت، تێچووی پێشکێشکردنی داواکاری بەشداریکردنیش تەنیا 16 دۆلارە.