ترەمپ خۆگونجاندن و بایدن میکانیزمی کۆنباو لە سیاسەتی دەرەوە پەیڕەو دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

هەرچەندە پەتای کۆرۆنا و کێشە ئابوورییەکانی ئەمریکا، پشکی شێری هەڵمەتەکانی ترەمپ و بایدنیان پێکهێناوە، بەڵام سیاسەتی دەرەوەش، بێبەش نییە لە گرنگیدانی بەربژێرەکان و بەشی زۆری لایەنگرانیان.
 
ترەمپ و بایدن لە زۆربەی دۆسیە پەیوەندیدارەکان بە سیاسەتی دەرەوە بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە. سەبارەت بە ئێران، ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارەکانی پەیڕەوکردووە و بەتەواوەتی دژی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیە کە لێی کشاوەتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەڵێت، "من لە رێککەوتنی کارەساتباری ئەتۆمیی ئێران کە لەلایەن ئیدارەی پێشووەوە واژۆکرابوو، کشامەوە. کە براوەی هەڵبژاردنەکان دەبین، یەکەمین پەیوەندی کە بە منەوە دەکرێت لەدوای هەڵبژاردنەکان، بەدڵنیاییەوە لە ئێرانەوە دەبێت".
 
جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکرات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکاش دەڵێت، ئەگەر ئێران پابەندی بەندەکانی رێککەوتنەکە بێت، ئەوا ئەو وەک سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکە و "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کاردەکەین بۆ رێگریکردن لە کردە ناسەقامگیرەکانی ئێران، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە. ئێمە دەتوانین ئەو کارە لەگەڵ وڵاتە هاوبەشەکانمان بکەین".
 
لەکاتێكدا ترەمپ باوەڕی بە گەرمبوونی کەشوهەوا نییە و لە رێککەوتنی پاریس کشاوەتەوە، بایدن باس لە گۆڕینی وزەی ئەمریکا لە سووتاندنی نەوت و گازەوە بۆ بەکار‌هێنانی خۆر و با دەکات.
 
گفتوگۆی ترەمپ و بایدن: 
 
ترەمپ: ئایا پیشەسازیی نەوت دادەخەیت؟
 
بایدن: بەم شێوازە کۆنەی کە ئێستا هەیە دەیگۆڕم.
 
ترەمپ: ئەوە راگەیێندراوێکی زۆر گەورەیە.
 
بایدن: پیشەسازی نەوت تاڕادەیەکی زۆر هەوا پیس دەکات. لەڕاستیدا دەبوایە ساڵ دوای ساڵ کار لەسەر نوێکردنەوەی بەرهەمهێنانی وزە بکرایە، بەڵام نەکراوە، "ئەگەر من ببمە سەرۆک هاوکاری دارایی بە پیشەسازی نەوت نادەم".
 
ترەمپ بە دیپلۆماسییەتی خۆگونجاندن لەگەڵ سەرۆکانی چین، کۆریای باکوور، رووسیا و تورکیا مامەڵەی کردووە، بایدن زیاتر پابەندی میکانیزمی کۆنباوی دیموکراتەکانە بە تووندترکردنی هەڵوێستەکانی لە ئاست ئەو سەرکردانە.
 
بەیەکگەیاندنی ئیسرائیل لەگەڵ سێ وڵاتی عەرەبی، یەکێکە لە خاڵە هەر سەرکەوتووەکانی ئیدارەی ترەمپ، لەو چوارچێوەیەدا بایدن پێناچێت بتوانێت لە دەرەوەی ئەجێندای لۆبیی جووەکان لە ئاست دۆسیەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بجووڵێتەوە.