چین و رووسیا لەڕێگەی "جەنگی سێکسەوە" دەیانەوێت نهێنیی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای ئەمریکا لەنێوبەرن

 
رووداو دیجیتاڵ

چین و رووسیا ژنانی سەرنجڕاکێش و جوان رەوانەی ئەمریکا دەکەن بۆ فریودانی کارمەندانی بواری تەکنەلۆژیای ئەمریکا، دزینی نهێنییەکانی ئەو بوارە و سوودلێوەرگرتنیان لە وڵاتەکانیان.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "زە تایمز"ی بەریتانی، دەسەڵاتدارانی چین و رووسیا هەوڵی لاوازکردنی پێگەی ئەمریکا و زیانگەیاندن بە پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەکانیان دەدەن، ئەوەش لەڕێگەی "جەنگی سێکس" و رەوانەکردنی کچانی سەرنجڕاکێش بۆ هەڵخەڵەتاندن و سیخوڕیکردن بەسەر پیاوانی شارەواز و پسپۆڕانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی، کە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەو بوارەدا لە ناوچەی دۆڵی سیلیکۆن کار دەکەن.
 
دۆڵی سیلیکۆن لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، ئەو ناوچەیە کە تەواوی کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیای تێدایە، ئەو ژنانەشی لە رووسیا و چینەوە رەوانە دەکرێن، پەیوەندییەکانیان ئەوەندە قووڵ دەکەنەوە، هاوسەرگیریی دەکەن و منداڵیان دەبێت، بەڵام تاکە ئامانجیان گەیشتنە بە نهێنییە تەکنەلۆژیەکانی ئەمریکا.
 
جەیمس مولڤینن، بەرپرسی کۆمپانیای راوێژکاری و هەواڵگری پامیری ئەمریکی، کە تایبەتە بە خەمڵاندنی مەترسییەکانی سەر ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی دەیانەوێت لە چین کاری وەبەرهێنان بکەن.
 
ئەو دەڵێت، یەکێک بووە لەو پیاوانەی لەم دواییانەدا لەلایەن کچانی بیانییەوە فریودراوە و کراوەتە ئامانج، بەو مەبەستەی لە رێگەی ئەوەوە بگەنە نهێنییەکانی بواری تەکنەلۆژیای ئەمریکا.
 
مولڤینن بەو رۆژنامە بەریتانییەی راگەیاندووە، "لەم دواییەدا ژمارەیەکی زۆر داواکاریی تایبەتم لە ئەکاونتی لینکدئینەکەم بۆ دەهات و زۆربەشیان هەمان جۆر بوون، کە بریتی بوو لە ئافرەتی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشی چینی."
 
بەرپرسی کۆمپانیای راوێژکاری و هەواڵگری پامیری ئەمریکی باسی ئەوەشی کرد چۆن هەفتەی رابردوو لە ویلایەتی ڤێرجینیا لە کۆنفرانسێکی بازرگانی سەبارەت بە مەترسییەکانی وەبەرهێنان لە چین، دوو ئافرەتی سەرنجڕاکێشی چینی هاتن و هەوڵیاندا بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن، بەڵامی گوتی، "ئێمە نەمانهێشت بێنە ژوورەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دوو ژنە چینییە، تەواوی زانیارییەکانیان سەبارەت بەو کۆنفرانسە پێبوو."
 
مولڤینن، ماوەی 30 ساڵە لێکۆڵینەوە لە بواری سیخوڕی لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "تاکتیکی تەڵەی هەنگوین (تەڵەی سێکس) لاوازییەکی راستەقینەیە بۆ پیاوانی ئەمریکا، چونکە ئێمە بەپێی یاسا و کولتوور ئەو کارە ناکەین."
 
بەگوێرەی پێنج شارەزای بواری هەواڵگری، کە قسەیان بۆ رۆژنامەی تایمز کردووە، جەنگی سێکسی چین و رووسیا، تەنیا یەکێکە لەو رێگەیانەی کارمەندانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی رووبەڕووی بوونەتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، چین دەستیکردووە بە پێشبڕکێ لەنێو کۆمپانیا چینییەکان بۆ کاری وەبەرهێنان لە نێو ئەمریکا، ئەمەش وەکو رێگەیەکی دیکە بۆ بردنی پلانە هەستیارەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەبواری تەکنەلۆژیادا. 
 
لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ، بەگوێرەی راپۆرتێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی سەر بە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پارتی کۆمۆنیستی دەسەڵاتدارانی چین، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 60 کارتی سیخوڕیی لە ئەمریکا کردووە.
 
هەروەها راپۆرتە بەریتانییەکە ئاماژە بەوە دەکات، رووسیا و چین هاووڵاتیانی ئاسایی بەکاردەهێنن بۆ ئەو کارە وەکو؛ وەبەرهێنەران، کەسانی شارەزا لەبواری دراوی ئەلیکترۆنی، بازرگانان و ئەکادیمیست و نەک کەسانی سیخوڕی مەشقپێکراو بۆ بەئامانجکردنی هاوشانە ئەمریکییەکانیان. 
 
بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی و سیخوڕی ئەمریکا لەوبارەیەوە دەڵێت "ئێمە چیتر بەدوای کارمەندێکی کەی جی بی [دەزگەی هەواڵگری رووسیا] ناکەوین کە لە میوانخانەیەک لە ئەڵمانیا دەژی، ئێمە ئێستا سەرنجمان لەسەر خاڵی دیکەیە، چونکە نەیارەکانمان بەتایبەتی چینییەکان هەموو ئامرازە نوێ و پێشکەوتووەکان بەکاردەهێنن بۆ سوود وەرگرتن بۆ بەئامانجکردنی تەکنەلۆژیا و بەهرەکانی رۆژئاوا."
 
بەرپرسێکی پێشووی بواری هەواڵگریی، کە ئێستا هاوکاری کۆمپانیاکانی دۆڵی سیلیکۆنی ئەمریکا دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە وەبەرهێنانی بیانی، رایگەیاند "لەمدواییانەدا لێکۆڵینەوەی لە کەیسی ژنێکی جوانی رووسی کردووە کە لە کۆمپانیایەکی تایبەت بە بۆشایی ئاسمانی کاری کردووە و دواتر لەگەڵ هاوکاریکی ئەمریکیی پێوەندی دروست دەکات و هاوسەرگیری دەکەن. بەڵام دواتر پیاوە ئەمریکییە بۆی دەرکەوتووە، ژنەکەی کاتێک گەنج بووە چووەتە "قوتابخانەی هێزی نەرمی رووسی" کە تایبەتە بە پێگەیانی ئەو کەسانەی رووسیا بۆ ئەو کارە بەکاریاندەهێنێت. دواتریش رەوانەی ئەمریکا کراوە و لەوێ وەکو پسپۆڕێکی دراوی ئەلیکترۆنی کاری کردووە."
 
ئەو بەرپرسەی دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەشڵێ "بەڵام ئەو لەو بوارە نامێنێتەوە و هەوڵ دەدات بگاتە بەرزترین ئاستی سەربازی ئەمریکا لەبواری بۆشایی ئاسماندا، ئەمەش لەکاتێکدایە مێردەکەی هیچ ئاگادری جموجۆڵەکانی ژنەکەی نییە."
 
بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە، نهێنییە بازرگانییەکان لە بواری تەکنەلۆژیادا ساڵانە 600 ملیار دۆلار زیان بە ئەمریکا دەگەیەنێت.
 
لە ساڵی 2023، کلاوس پفلوگبێل، دانیشتووی شاری نینگبۆی چین، هەندێ زانیاریی نهێنی کۆمپانیای تێسلا دزیی و هەوڵیدا لە کۆنفرانسێکی بازرگانی لاس ڤێگاس بە 15 ملیۆن دۆلار بە سیخوڕێکی چینی بفرۆشێت.
 
لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، سزای 24 مانگ زیندانی بەسەردا کلاوسدا سەپێندرا. 
 
ئەو کەسە شان بە شانی کەسێکی دیکە کە چینی بووە، لەساڵی ٢٠١٩ کارمەندی کۆمپانیایەکی کەنەدی بوون ئەو کۆمپانیایەش لە هەمان ساڵدا تێسلاوە کڕدراوە. ئەوان پیلانیان هەبووە زانیارییە نهێنییەکان بەکاربهێنن بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی رکابەری تێسلا لە چین. 
 
لەبارەی ئەو کەیسەوە، ماتیو ئۆڵسن یاریدەدەری داواکاری گشتی بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "بە دزینی نهێنییە بازرگانییەکان لە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆ خزمەتکردنی کۆمپانیاکەیەکی چینی، سوودی بۆ کۆماری چین لە پیشەسازییەکی گرنگی وەکو تەکنەلۆژیادا هەبووە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەمان هەیە."
 
هاوکات حکومەتی ئەمریکا هۆشداریی داوە بە کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە بەشداری لە "پێشبڕکێی بیرکەی" نێودەوڵەتی دا بکەن، کە تێیدا بیرۆکەی بازرگانیکردن پێشکێش بە وەبەرهێنەرە چینییەکان دەکرێت.