ترەمپ پێشبینی دەکات "کۆبوونەوەیەکی باش" لەگەڵ شی جینپینگ بکات

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند هیوادارە چین گوشار بخاتە سەر رووسیا و گوتیشی، چاوەڕێ دەکات "کۆبوونەوەیەکی زۆر باش" لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە لووتکەی ئاسیانلە کوالالومپوور بکات.
 
ترەمپ رۆژی شەممە لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئێیەرفۆرس وەن)ـدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە دەمانەوێت سزای زۆر گەورە بەسەر رووسیا بسەپێنرێن. پێموایە ئەو سزایانە زۆر بەهێزن، بەڵام حەز دەکەم چین یارمەتیمان بدات."
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "هەروەک دەزانن، پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ سەرۆک شی هەیە، زۆر باش، کۆدەبینەوە، کۆبوونەوەیەکی باشمان دەبێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دیداری سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی نوێی ژاپۆنە.
 
گوتیشی: "شتی زۆر باشم لەبارەیەوە بیستووە. پێموایە کەسێکی نایاب دەبێت. ئەو هاوڕێیەکی نزیکی بەڕێز ئابێ بوو، کە پیاوێکی مەزن بوو، سەرۆکوەزیران ئابێ، هەروەک دەزانن هاوڕێیەکی نزیکی منیش بوو. ئەو کەسێکی ناوازە بوو."
 
سەرکردە نوێیەکەی ژاپۆن، تەنیا چەند رۆژێک دوای دەستبەکاربوونی، رووبەڕووی زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە بووەتەوە، کە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ لە تۆکیۆ دەکەوێتە نێوان دوو لووتکەی ئاسیایی لە ماليزيا و کۆریای باشوور.
 
ئەو رۆژی شەممە دەگاتە ماليزيا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، پاشان دەگەڕێتەوە ژاپۆن بۆ بینینی ترەمپ، پێش ئەوەی لە یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو بەرەو کۆریای باشوور بەڕێبکەوێت بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا-پاسفیک (APEC).
 
سەرۆکی ئەمریکاش سەردانی کۆریای باشوور دەکات، کە لەوێ کار لەسەر پرسەکانی بازرگانی دەکات و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ شی جینپینگ کۆببێتەوە.
 
پەکین هێشتا کۆبوونەوەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و هەردوو سەرکردە لەم دواییانەدا هەڕەشەی سەپاندنی باج و سنووردارکردنی هەناردەیان لە یەکدی کردووە.
 
ئەمە یەکەم گەشتی ترەمپە بۆ ئاسیا لەدوای گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی.