لە جۆرجیا سێ هاووڵاتیی چینی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کڕینی یۆرانیۆم دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی جۆرجیا رایگەیاند، سێ هاووڵاتیی چینی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کڕینی سێ کیلۆگرام یۆرانیۆم بەشێوەیەکی نایاسایی، لە تبلیسی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ شەممە دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، گومانلێکراوان پلانیان هەبووە مادە ئەتۆمییەکە لە رێگەی رووسیاوە بگوازنەوە بۆ چین. هاوکات ڤیدیۆی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکەشی بڵاوکردەوە.
ئاسایشی جۆرجیا دەڵێت: "سێ هاووڵاتیی چینی لە تبلیس لە کاتی هەوڵدان بۆ کڕینی 2 کیلۆگرام مادەی ئەتۆمی- یۆرانیۆم بە شێوەی نایاسایی، دەستگیرکراون." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەندامانی گرووپە گومانلێکراوەکە پلانیان هەبووە 400 هەزار دۆلار بە مادە تیشکدەرەکە بدەن.
بەگوێرەی دامودەزگەکان، هاووڵاتییەکی چینی کە پێشتر لە جۆرجیا بووە و سەرپێچیی یاساکانی ڤیزای جۆرجیای کردووە، چەند شارەزایەکی هێناوەتە جۆرجیا بۆ گەڕان بەدوای یۆرانیۆمدا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەندامانی دیکەی گرووپەکە لە چینەوە هاوئاهەنگییان کردووە بۆ کڕینی یۆرانیۆم.
ئاسایشی جۆرجیا رایگەیاند، تۆمەتباران لە کاتی "گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاریی مامەڵە نایاساییەکە" ناسراونەتەوە و دەستگیرکراون.
دەزگاکە کاتی دەستگیرکردنەکان و ناسنامەی گومانلێکراوانی ئاشکرا نەکردووە.