بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ئەمریکا سزای بەسەر سەرۆکی کۆڵۆمبیادا سەپاند

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەمریکا سزای بەسەر سەرۆکی کۆڵۆمبیا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتەدا سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی ئاسانکارییان بۆ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور و ئەمریکا کردووە.
 
شەوی هەینی 24-10-2025 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سزایان بەسەر هەریەک لە گوستاڤۆ پێترۆی سەرۆکی کۆڵۆمبیا، هاوسەرەکەی، یەکێک لە کوڕەکانی، وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی پێشووی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێترۆدا سەپاندووە، سەرکردایەتی کۆلۆمبیایشی تۆمەتبار کردووە بەوەی پەیوەندییان لەگەڵ باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە.
 
بەم هەنگاوەش چاوەڕێ دەکرێت، پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و حکومەتی کۆڵۆمبیا، بەتایبەت سەرۆکەکەی کە رەخنەگرێکی گەورەی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە جیهاندا، بگەیەنێتە خاڵی سفر و مەترسیی تێکچوونی زیاتری هاوئاهەنگییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە شەڕی دژ بە باندەکانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان هەیە.
 
بەگوێرەی ئەو سزایانە، پێترۆ بۆی نییە هیچ سامانێکی لە سیستمی دارایی ئەمریکا هەبێت و ئەگەریش هەیبێت، ئەوا دەستی بەسەردا دەگیرێت. هیچ هاووڵاتییەک یانیش کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆی نییە مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی کۆڵۆمبیا بکات.
 
هەرچەندە ترەمپ، پێترۆی بە "سەرکردەی ماددە هۆشبەرەکان" ناوبردووە، بەڵام کۆڵۆمبیا تاوەکو ئێستا لە رێکارەکانی پێناسی گومرگیی ئەمریکا دەرباز بووە، بازرگانان و بەرپرسە لۆبیکارەکان هەوڵیانداوە ترەمپ رازیبکەن بەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ کۆڵۆمبیا زۆر قووڵترە لەوەی تەنیا لە سەرۆکەکەیدا بمێنێتەوە، کە ماوەی سەرۆکایەتیی پێترۆش مانگی ئابی داهاتوو کۆتایی دێت.
 
هەفتەی رابردوو مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پێترۆ-وە گوتی، "ئەو کەسێکە، شێت بووە." بەڵام گوتیشی، "دەسەڵاتدارانی کۆڵۆمبیا بەگشتی هێشتا زۆر لایەنگری ئەمریکان."
 
لە بەیاننامەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا سەبارەت بەو سزایانە، ئیدارەی ئەمریکا پێترۆی بەوە تۆمەتبار کردووە، زانیاریی نهێنی و هەواڵگریی ئاشکرا کردووە کە هەڕەشە بۆسەر سیستمی دارایی نێودەوڵەتی دروست دەکات، تۆمەتباریشی کردووە بەوەی هاوپەیمانیی لەگەڵ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا کردووە، کە ترەمپ بە "سەرکردەی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان" وەسفی کردووە.
 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەکەدا دەڵێت، "لەوەتەی سەرۆک گوستاڤۆ پێترۆ هاتووەتە سەر دەسەڵات، بەرهەمهێنانی کۆکایین لە کۆڵۆمبیا بۆ بەرزترین رێژە لە دەیان ساڵی رابردوودا زیادیکردووە، ئەمریکا و ئەمریکییەکانی ژەهراوی کردووە."
 
ئەم هەنگاوەی رۆژی هەینی دوای بڕیارەکەی مانگی ئەیلوولی ترەمپ دێت بۆ دەرکردنی کۆڵۆمبیا وەکو ئەندام لە هاوپەیمانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و دابەزاندنی ئاستی هاوپەیمانێتیی ئەمریکا لەگەڵ کۆڵۆمبیا بۆ هەمان ئاستی وڵاتانی دژە ئەمریکا، وەکو ڤەنزوێلا، بۆلیڤیا، ئەفغانستان و میانمار. لە هەمان کاتدا، ڤیزای پێترۆی بۆ ئەمریکا هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی سەرۆکی کۆڵۆمبیا داوای لە سەربازەکانی ئەمریکا کرد، فەرمانەکانی ترەمپ جێبەجێ نەکەن.
 
لەدوای بڕیارەکانی ئەمریکا، پێترۆ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دا رایگەیاند، "پارێزەرێک لە ئەمریکا دەگرم و لەوێ بەرامبەر بەو تۆمەتانە، بەرگری لە خۆم دەکەم."
 
هەروەها سەرۆکی کۆڵۆمبیا گوتیشی، "بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان بۆ دەیان ساڵ و کاریگەریی ئەو رێوشوێنەی لەلایەن حکومەتەکەمانەوە گرتوومانەتەبەر، ئەم سزایانەی رووبەڕووی من کردووەتەوە."
 
پێترۆ ئەو تاوانەی خستە ئەستۆی بێرنی مۆرینۆ، کە سیناتۆری ئەمریکیی بە رەچەڵەک کۆڵۆمبییە و رەخنەگرێکی گەورەی پێترۆیە.
 
دواتر مۆرینۆ وەڵامی تۆمەتەکانی پێترۆی دایەوە، پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد و نووسی، "ئاژاوە بنێیتەوە، باجەکەی دەدەیت."
 
پاشان ئارماندۆ بێنێدێتی، وەزیری ناوخۆی کۆڵۆمبیا، کە ئەویش سزای بەسەردا سەپێندراوە، نکۆڵیی لەو تۆمەتانە کرد و لە پۆستێکدا داوای لە ئەمریکییەکان کرد کۆڵۆمبیا بەجێبهێڵن و دەڵێت، "بیانییەکان بگەڕێنەوە وڵاتەکەتان."
 
کۆڵۆمبیا بە یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی واشنتن لە ئەمریکای باشوور ناسراوە، نزیکەی 14 ملیار دۆلاری لەلایەن ئەمریکاوە پێدراوە لە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی، مەشق و راهێنان بە هێزەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی باندەکانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان.
 
بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو و پێترۆ بە خێرایی خراپ بوون، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەردوو سەرکردە بۆچوونی زۆر جیاوازیان هەبوو، بەرامبەر بە پرسەکانی شەڕی دژی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، کۆچبەران و پەیوەندییەکان لەگەڵ ڤەنزوێلا و لەگەڵ جەنگی غەززە.
 
ئێستا کۆڵۆمبیا رووبەڕووی گەورەترین گەشەی بەرهەمهێنانی کۆکایین لە مێژووی وڵاتەکەدا بووەتەوە، شەش ئەوەندە زیاترە لە بەرهەمی کۆکایین لە سەردەمی زێڕینی پابلۆ ئیسکۆبار گەورە مافیای کۆڵۆمبی لە ساڵانی 1980کان و سەرەتای ساڵانی 1990کان.