زانایان چارەسەرێک بۆ قڕقێنەی مانگا دەدۆزنەوە؛ ئامانج کەمکردنەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوایە
رووداو دیجیتاڵ
قڕقێنەی مانگا کە رەنگە بێ زیان دەربکەوێ، یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گازی میسان و بەشدارێکی گەورەی گۆڕانی کەشوهەوایە. مانگا و ئاژەڵە ماڵییەکانی دیکە بەرپرسن لە نزیکەی 12%ـی کۆی گازی میسانی جیهان. ئێستا زانایان لە سکۆتلەندا رێگەچارەیەکی بۆماوەییان دۆزیوەتەوە کە دەتوانێ ئەو کاریگەرییە کەمبکاتەوە.
میسان یەکێکە لە گازە گەرمکەرەکان و بەرپرسە لە نزیکەی یەک لەسەر سێی گەرمبوونی زەوی. هەرچەندە گازەکە بۆ نزیکەی 12 ساڵ لە بەرگەهەوای زەویدا دەمێنێتەوە، بەڵام لە 20 ساڵدا هێزی گەرمکردنی 84 هێندەی دوانۆکسیدی کاربۆن (CO2) زیاترە.
دەردانی میسان و قڕقێنەی مانگا چۆن پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە؟
ئاژەڵانی وەک مانگا، ئاسک، مەڕ و بزن، سەر بە گرووپێکی تایبەتی ئاژەڵن کە پێیان دەگوترێ کاوێژکەرەکان. ئەم ئاژەڵانە چوار بەشیان لە گەدەدا هەیە کە یارمەتییان دەدات گژوگیا و پووش هەرس بکەن. لە کاتی پرۆسەی هەرسکردندا، میکرۆبێکی گەدە بە ناوی میسانۆجین، هایدرۆجینی زیادە و دوانۆکسیدی کاربۆن دەگۆڕێ بۆ میسان. ئەم میسانە، کە پێی دەگوترێ میسانی گەدە، لە رێگەی قڕقێنەوە لە جەستەی ئاژەڵەکە دەردەچێت.
چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەکرێ؟
توێژەران لە چەندین رێگەچارە دەکۆڵنەوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی میسان، لەوانە چارەسەری بۆماوەیی، گۆڕینی خۆراک و تەکنەلۆجیا.
پسپۆڕان لە سکۆتلەندا لە رێگەی پشکنینی DNAـەوە ئەو مانگا و گایانە دەستنیشان دەکەن کە بە شێوەیەکی سرووشتی میسانی کەمتر بەرهەمدەهێنن. پاشان، جووتیان دەکەن بەو ئامانجەی نەوەکانیان ئەو خاسیەتە بۆماوەییە وەربگرن و گازی کەمتر دەربدەن.
مایک کۆفی، مامۆستا لە زانکۆی SRUC لە سکۆتلەندا دەڵێت: "کاتێک ئاژەڵێکت دەبێت کە میسانی کەمتر بەرهەمدەهێنێت، ئەوا بۆ تاهەتایە گازی میسانی کەمتری دەبێ. کاتێک لەگەڵ نێرینەکەی جووتی دەکەیت کە میسانی کەمتر بەرهەمدەهێنێت، بێچووەکانیان تەنانەت لەویش کەمتر بەرهەمدەهێنن." ئەم رێگەیە دەتوانێ لە 20 ساڵدا رێژەی 40%ـی ئەو میسانە کەمبکاتەوە کە لە قڕقێنەی ئاژەڵەکانەوە دەردەچێ، ئەمەش بەبێ دەستکاریکردنی بۆماوەیی.
رێگەی دیکەش بریتین لە گۆڕینی خۆراکی ئاژەڵان بۆ ئالیکی کواڵیتی بەرز وەک پاقلەمەنییەکان کە ریشاڵیان کەمە و هەرسکردنیان ئاسانترە، ئەمەش میسانی کەمتر بەرهەم دەهێنێت. هاوکات، کۆمپانیایەکی بەریتانی بە ناوی (Zelp) دەمامکێکی بۆ مانگا دیزاین کردووە کە قڕقێنەکان دەگرێ و دەتوانێت دەرچوونی میسان بە رێژەی 60% کەم بکاتەوە.
هەنگاوی داهاتوو چییە؟
سەرەڕای ئەم چارەسەرانە، جووتیاران و خاوەن ئاژەڵان کەمتر ئامادەن هەنگاوی کرداری بنێن. بەپێی توێژینەوەیەکی گرووپی ژینگەپارێزی Environmental Defense Fund (EDF)، نەبوونی هاندانی دارایی هۆکاری سەرەکیی ئەم دواکەوتنەیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە ئاداری 2024ـدا یاسای "EMITLESS Act"ی ناساند کە پشتیوانیی دارایی و تەکنیکی بۆ خاوەن کێڵگەکان دابین دەکات.
تەنیا لە بەریتانیا، کەرتی کشتوکاڵ 10%ـی گازە گەرمکەرەکان بەرهەمدەهێنێت کە 9 ملیۆن مانگا رۆڵێکی سەرەکییان تێدا هەیە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم چارەسەرانە بە تەنیا بەس نین. ئێما گارنێت، توێژەر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت: "پێم وا نییە جیهانێکی تەواو رووەکی شتێکی کردەیی بێ، بەڵام نابێ ئەوە وەک پەردەیەک بۆ شاردنەوەی نەگۆڕین بۆ سیستمێکی خۆراکیی زیاتر رووەکی بەکاربهێندرێ."
دەرچوونی میسان لە هەرسکردنی گەدەوە لە ساڵی 1990ـەوە بە رێژەی زیاتر لە 5% بەرزبووەتەوە کە هۆکارە سەرەکییەکەی زیادبوونی ژمارەی ئاژەڵانە. توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە، دەبێ کاری دیکەش بکرێ، لەوانەش کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان لەلایەن مرۆڤەوە بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا.