ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازیی لەو سەگەکرد لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی بەغدادی بەشداربوو

 
رووداو - هەولێر 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا پێشوازی لە کۆنان، ئەو سەگەی کە لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی بەغدادی بەشداربوو کرد.
 
ترەمپ لەگەڵ سەگەکە لە باڵەخانەی کۆشکی سپی هاتنە دەرەوە و سەگەکەی نیشانی میدیاکاندا و گوتی، ئەمە سەگە نایابەکەیە کە لە ئۆپەراسیۆنی هێرشکردنە سەر بەغدادی، خەلیفەی داعش بەشداربووە.
 
کانۆن لەکاتی هێرشەکەدا بریندارببوو، بەڵام هەر زوو چارەسەری بۆکراوە و ئێستا سەلامەتە.
 
دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند، سەگێکی زۆر لێهاتووە، زۆر ژیرە و کارێکی مەزنی ئەنجامدا.
 
27ـی تشرینی یەکەم، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی راگەیاند و گوتی، بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو کاژێریدا لەگەڵ سێ لە منداڵەکانی و چەند چەکدارێکی دیکەی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کوژراوە. 
 
بەگوتەی سەرۆكی ئەمریكا، كە دیمەنەكانی وەك "فیلمێكی خۆش" وەسف کرد، لەو كاتەدا تاكە كەسێك كە مابووەوە بەغدادی بوو كە ئەمریكا لە 2011وە بەدوایدا دەگەڕا: "بەغدادی سێ منداڵی لەگەڵ خۆی بردبوو (بۆ ناو تونێلەكە). سەگەكەیان بەدوایەوە بووە و ئەو گەیشتە كۆتایی تونێلەكە. پشتێنەكەی تەقاندەوە، خۆی و سێ منداڵەكەی كوشت. لەشی بەهۆی تەقینەوەكەوە پارچەپارچە ببوو".
 
دوای چەند رۆژێک لە رووداوەکەش دۆناڵد ترەمپ، وێنەی سەگەکەی لە توویتەر بڵاوکردەوە و نووسیبووی، وێنەیەکی سەگەکە بڵاودەکەنەوە، بەڵام ناوەکەی ئاشکرا نەکرد.