ترەمپ داوا دەکات وەزیرانی دەرەوە و گەنجینە دەست بە رێکارەکانی 'بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوان موسلمین' بکەن
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەرکرد بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەک کە تێیدا هەندێک لقی ئیخوان موسلمین وەک "رێکخراوی تیرۆریستیی بیانی" و "تیرۆریستی جیهانیی تایبەت" بناسێندرێن.
رۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2025، کۆشکی سپی فەرمانەکەی ترەمپی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، لقەکانی ئیخوان موسلمین لە لوبنان، ئوردن و میسر "بەشدارن لە تووندوتیژی و هەڵمەتەکانی تێکدانی سەقامگیری یان ئاسانکاری و پاڵپشتییان دەکەن."
لە فەرمانەکەدا وەک نموونە هاتووە، دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، باڵی سەربازیی لقی لوبنانی ئیخوان موسلمین شانبەشانی حەماس و حیزبوڵڵا هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل؛ هەروەها باس لەوە کراوە کە سەرکردەیەکی باڵای لقی میسریی رێکخراوەکە داوای هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای کردووە و لقە ئوردنییەکەش "ماوەیەکی درێژە هاوکاریی مادی پێشکێشی باڵی چەکداریی حەماس دەکات."
فەرمانەکە وەزیرانی دەرەوە و گەنجینە رادەسپێرێ کە لە 30 رۆژدا و دوای راوێژ لەگەڵ داواکاری گشتی و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی، راپۆرتێکی هاوبەش پێشکێشی سەرۆکی ئەمریکا بکەن سەبارەت بەو لقانەی ئیخوان کە دەکرێ بەپێی یاسا وەک رێکخراوی تیرۆریستی بناسێندرێن، لەوانەش لقەکانی لە لوبنان، میسر و ئوردن.
دواتر لە 45 رۆژدا دوای پێشکێشکردنی راپۆرتەکە، دەبێت وەزیری دەرەوە یان گەنجینە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی هەر بڕیارێک کە لەو بارەیەوە دەدرێ.
رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، ئیخوان موسلمین دەخاتە لیستی تیرۆرەوە. رۆژی دواتر کۆشکی سپی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ بەڵێن دەدات ئیخوان موسلمین وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت."
لێدوانەکەی ترەمپ دوای ماوەیەکی کورت دێت لە بڕیارێکی هاوشێوەی گرێگ ئابۆت، حاکمی کۆماریی ویلایەتی تێکساس کە ئیخوان موسلمین و ئەنجوومەنی پەیوەندییە ئەمریکی-ئیسلامییەکانی (CAIR) "وەک رێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێن کرد.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشوازی لە هەنگاوەکەی ترەمپ کرد و گوتی، ئیخوان موسلمین "هەڕەشە لە سەقامگیریی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەی دەکات."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی دا "پڕۆسەی" دەرکردنی یاسای قەدەخەکردنی ئیخوان موسلمین لە ئیسرائیل "تەواو بکات."
ئیخوان موسلمین لە ساڵی 1928 لە میسر دامەزرا و یەکێکە لە کاریگەرترین بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییەکانی جیهانی سوننە. لە ساڵی 2012دا محەممەد مورسی، ئەندامی رێکخراوەکە، بووە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر، بەڵام ساڵێک دواتر بە کودەتایەکی سەربازی لە دەسەڵات دوورخرایەوە.
کاریگەریی رێکخراوەکە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی سیاسەتی حکومەتەکانی ناوچەکە بەرامبەری کەمبووەتەوە. جگە لە نەمسا، هیچ وڵاتێکی رۆژئاوایی ئیخوان موسلمینی بە فەرمی قەدەخە نەکردووە.