ئینتەرپۆل بەدوای دوو برای عێراقیدا دەگەڕێت و فینلاندیش دەیەوێت دیپۆرتیان بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی میدیای فینلاندی دەڵێت، پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) لەسەر داوای عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو برای عێراقی دەرکردووە، کە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە کۆمەڵکوژییەکەی سپایکەری 2014ی تکریت. فەرمانگەی کۆچبەرانی فینلاند تاوتوێی دیپۆرتکردنەوەیان لە وڵاتەکە دەکات. دوو براکە دووانەن.
میدیای MTVـی فینلاندی دەڵێت، فەرمانگەی کۆچبەرانی فینلاند سەرقاڵی ئامادەکردنی بڕیارێکە لەسەر دیپۆرتکردنی ئەو دوو برا عێراقییە. پێشنیازی دیپۆرتکردنەکە لە مانگی ئابدا لەلایەن پۆلیسی پاراستنی ئاسایشی فینلاندەوە پێشکێش کراوە.
دەزگای هەواڵگریی فینلاند پێیوایە ئەو دوو برایە، کە تەمەنیان 33 ساڵە، دەکرێت "مەترسی بن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی." بەپێی یاسایەکیش کە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە کاری پێ دەکرێت، هەر بیانییەک مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی فینلاند، مافی پاراستنی نێودەوڵەتی، کە جۆرێکە لە مافی پەنابەری، لێ دەسێنرێتەوە.
لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، فەرمانگەی کۆچبەران و دادگەی کارگێڕیی فینلاند، بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە رەتیانکردەوە ناسنامەی فینلاندی بدەن بەو دووانەیە.
تۆمەتەکان و مەترسیی تیرۆر
هۆکاری سەرەکیی هەوڵەکان بۆ دیپۆرتکردنی ئەو دوو برایە، دەگەڕێتەوە بۆ تاوان کردن و گومانی تێوەگلان لە کاری مەترسیدار. پێشتر بە تۆمەتی هەڕەشەی نایاسایی و ناوزڕاندنی پاسەوانێکی گرتووخانە سزادرابوون، ئەمەش وەکو تۆڵەیەک بووە بەرامبەر دەستبەسەرکردنیان.
جگە لەوەش، ئەو دوو برایە گومانی ئەوەیان لەسەرە پلانیان بۆ هێرشکردنە سەر فەرمانبەرانی هەواڵگریی فینلاند داناوە، رووبەڕووی پۆلیس بوونەتەوە و چەندین جار هەڕەشەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە.
ئەگەر بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان دەربچێت، مافی پاراستن و مانەوەی هەمیشەییان هەڵدەوەشێتەوە و رەنگە بڕیاری قەدەخەی هاتنەناوەوەیان بۆ هەموو وڵاتانی شنگن و یەکێتیی ئەورووپا بۆ دەربکرێت.
دوو براکە: لە عێراق دەکوژرێین
ئەو دوو برایە دەیانەوێت لە فینلاند بمێننەوە و لە وەڵامیاندا بۆ فەرمانگەی کۆچبەران، هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە دەڵێن ئەوان مەترسین بۆ سەر ئاسایشی فینلاند و راپۆرتەکەی هەواڵگری بە "هەڵە و بێ بنەما" ناودەبەن.
دوو برا عێراقییەکان دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی لە فینلاند لە دۆسیەی "کۆمەڵکوژییەکەی داعش لە ساڵی 2014 لە تکریت" (کۆمەڵکوژییەکەی سپایکەر) بێتاوان دەرچوون و دۆسیەکەیان داخراوە، بەڵام هێشتا عێراق بەدوایاندا دەگەڕێت و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ساڵی 2022 جەختی کردووەتەوە کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بە مادەی تیرۆر لەسەرە.
ئەوان دەڵێن، ئەگەر بنێردرێنەوە بۆ عێراق، ئەگەری هەیە ئەشکەنجە بدرێن و لەسیدارە بدرێن.
کێشەی یاسایی لەبەردەم دیپۆرتکردنەوەیان
پۆلیسی فینلاند رایگەیاندووە، ئەم ساڵ ژمارەیەکی پێوانەیی داوای دەرکردنی بیانییەکانیان پێشکەش کردووە کە تاوەکو مانگی ئەیلوول گەیشتووەتە نزیکەی 30 داواکاری، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکاری لە یاساکاندا، کە دەسەڵاتی زیاتری پێداون.
بەڵام بەهۆی یاسای "قەدەخەی دیپۆرتکردنەوە" ناتوانرێن هەموو ئەوانە دیپۆرت بکرێن. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری فینلاند، هیچ کەسێک رادەستی وڵاتێک ناکرێتەوە کە تێیدا مەترسیی سزای لەسێدارەدان، ئەشکەنجە یان مامەڵەی نامرۆڤانەی لەسەر بێت.