گەنجێکی دەڤەری برادۆست چوار مانگە بێسەروشوێنە؛ 'لە ئۆکراینا شەڕ دەکات'

 
رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی دەڤەری برادۆست چوار مانگە بێسەروشوێنە؛ برایەکی دەڵێت، "براکەمیان بە پێدانی پاسپۆرتی رووسی و ژنی رووسی هەڵخەڵەتاندووە؛ ئێستا لە بەرەی پێشەوەی جەنگی رووسیایە و بەرامبەر ئۆکراینا شەڕ دەکات."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی 11ی 2025، سیامەند وەهاب، برای مەتین وەهاب، گەنجە ونبووەکەی دەڤەری برادۆست بە رووداوی گوت: "لە مانگی چواری ئەم ساڵ، مەتینی برام رووی لە شاری هەولێر کرد و لە شووشتنگەیەک ئیشی دەکرد؛ دوو مانگ لە هەولێر ئیشی کرد، بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی گەڕایەوە."
 
بە گوتەی برای گەنجە ونبووەکە، مانگی حەوت بە ماڵباتەکەی گوتووە کە دەچێت لە پردێ ئیش دەکات. سیامەند وەهاب زیاتر "لە بازگەی پردێوە تاوەکو 15ی 8ی 2025 دەنگی نەما؛ ئەوکات کورتە ڤیدیۆیەکی بۆ برایەکم نارد و تێیدا دەڵێ، من لە شاری باخمووتی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا شەڕ دەکەم."
 
ئەو ماڵباتە لە درێژەی گەڕان و سۆراخی کوڕەکەیان، گەنجێکی دیکەی کورد دەدۆزنەوە کە ناسیاوە و لە شارێکی دیکە بەرامبەر ئۆکراینا شەڕ دەکات؛ ئەویش گوتوویەتی: "خەڵکێکی زۆری عێراق لە کورد و عەرەبمان تێدایە."
 
لەبارەی چوونی مەتین وەهاب بۆ ریزەکانی سوپای رووسیا، براکەی گوتی: "چوونەکە بەئازادیی خۆیەتی، بەزۆرەملێ نییە؛ بەڵام پێیانگوتووە ئیشێکی زۆر باشە و مووچەیەکی زۆرە؛ هاوکات شووقە و پاسپۆرت و ژنیشت مسۆگەرە. بۆیە گەنج هەڵدەخەڵەتێ و دەچێت؛ بەڵام پێی ناڵێن دەتبەینە بەرەکانی جەنگ."
 
سیامەند وەهاب، داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران دەکات، هەوڵێک بدرێت و سۆراخێکی براکەی بکرێت؛ دەشڵێت: "دەمانەوێ تەنیا ئەوە بزانین کە ئایا ماوە یان مردووە."