سعودیە فرۆشگەی زیاتری خواردنەوە کحولییەکان دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سعودیە پلانی هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا فرۆشگەی نوێی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بکاتەوە کە یەکێکیان تایبەتە بەو کارمەندە بیانییانەی لە کۆمپانیای نەوتی ئەو وڵاتە بەناوی ئارامکۆ کار دەکەن.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، کردنەوەی فرۆشگەی زیاتری خواردنەوە کحولییەکان بە هەنگاوێکی دیکەی سعودیە دەبینرێت بۆ زیاتر کرانەوەی ئەو وڵاتە بەڕووی گەشتیارانی وڵاتانی رۆژئاوا لەژێر دەسەڵاتی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە.
 
ساڵی رابردوو، سعودیە بۆ یەکەمجار فرۆشگەیەکی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی لەشاری ریازی پایتەخت کردەوە، کە تایبەت بوو بۆ ئەو دیپلۆماتکارر ناموسڵمانانەی لە سعودیە کار دەکەن.
 
ئێستا دوو فرۆشگەی دیکەش دەکرێنەوە و یەکێکیشیان بۆ کارمەندانی نامسوڵمانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ کار دەکەن.
 
فرۆشگەکە لە شاری زوهران لە رۆژهەڵاتی سعودیە دەکرێتەوە و فرۆشگەیەکی دیکەش بۆ دیپلۆماتکارە ناموسڵمانەکان لە شاری جەددە دەکرێتەوە.
 
بڕیارە هەردوو فرۆشگەکە لە ساڵی 2026 بکرێنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی بەرواری کرانەوەیان دیاریی نەکراوە.
 
دوو سەرچاوە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، لەماوەی رابردوودا جۆری کڕیارانی فرۆشگەکەی ریاز فراوان کراوە بۆ ئەوەی ئەو کەسە بیانییانەی لە سعودیە دەژین و مۆڵەتی مانەوەیان هەیە، و موسڵمان نین، دەتوانن مەی لەو فرۆشگەیە بکڕن.
 
سعودیە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، سنووردارییەکانی بۆ راکێشانی گەشتیاران و بازرگانە نێودەوڵەتییەکان کەمکردووەتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانێکی درێژخانەیان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە نەوت.
 
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ، چەندین راپۆرتی نێودەوڵەتی بڵاوکرانەوە، دەربارەی ئەوەی دەسەڵاتدارانی سعودیە پلانیان داناوە رێگە بە فرۆشتنی مەی لە شوێنە گەشتیارییەکاندا بدەن، ئەمەش وەک خۆی ئامادەکردنی ئەو وڵاتە بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی تۆپی پێی ساڵی 2034، بەڵام هەرئەوکات ئەو راپۆرتانە لەلایەن بەرپرسانی سعودیەوە رەتکرانەوە.
 
لەسەرەتای ئەم مانگە، ئەحمەد خەتیب، وەزیری گەشتوگوزاری سعودیە لە وەڵامی پرسیاری ئایا هیچ پلانێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی سنووردارییەکانی خواردنەوە کحولییەکان بۆ راکێشانی گەشتیارانی بیانی، گوتی "ئێمە لەوە تێدەگەین هەندێک لەو گەشتیارە بیانییانەی سەردانی سعودیە دەکەن، دەیانەوێت چێژ لە خواردنەوە کحولییەکان وەربگرن، بەڵام هێشتا هیچ شتێک نەگۆڕاوە."