لە پاریس مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق جەژنی کریسمس دەکەن
رووداو - پاریس
مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پاریس لە کڵێسا‌ی نۆتردامی کلدانییەکان جەژنی کریسمس دەکەن. سه‌رۆكی رێكخراوی كه‌مینه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست رایگەیاند، رەوشی مەسیحییەکانی عێراق خراپە و ماڵ و جێگەیان لێ تێکچووە و بوونەتە پەنابەر.
مەسیحییەکانی کوردستان وعێراق کە لە فەرەنسا بوونەتە پەنابەر، بە هەمان شێوازی فەرهەنگیی دێرینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یادی جەژنەکەیان دەکەنەوە. قەشە مومتاز کە لەدایکبووی پارێزگای دهۆکە، نزای ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق دەکات.
مومتاز عیسا، قەشەی کڵێسا‌ی نۆتردامی کلدانییەکان لە پاریس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پیرۆزبایی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح لە هەموو مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق دەکەم. هیوادارم ساڵێکی خۆش بێت بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق، بە مەسیحی و موسڵمانەوە".
ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە دوای شەڕی داعشەوە چوونەتە فەرەنسا و لەوێ بوونەتە پەنابەر، لە ناخی دڵەوە لە خودا دەپاڕێنەوە و نوێژدەکەن.
هاووڵاتییەکی عێراقی کە دانیشتووی بەغدا بووە و ئێستا لە پاریس پەنابەرە، دەڵێت "ئێمه له به‌غدا نیشته‌جێبووین و رۆیشتینه قه‌ره‌قووش. نزیكه‌ی هه‌شت مانگ له‌وێ ماینەوە و ماڵمان له‌وێ دامەزراند. دوایی داعش هات و پاشان بۆ زاخۆ كۆچمانكرد و له زاخۆ حكومه‌تی فه‌ره‌نسا پێشوازیی له ئێمه كرد".
ئێلیش بەر لە 46 ساڵ هاتووەتە فەرەنسا و بەردەوام کاری بۆ هاوکاریی مەسیحییەکان کردووە. ئێستا سەرۆکی رێکخراوێکی پێکهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەو لەبارەی دواڕۆژی هاوباوەڕەکانیەوە لە عێراق، رەشبینە.
ئێلیش یاكۆ، سه‌رۆكی رێكخراوی كه‌مینه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایگەیاند "به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بارۆدۆخی مەسیحییەکان زه‌حمه‌ته، به‌تایبه‌تیش لەم ساڵانەی داواییدا، به‌ڵام دوای داعش هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له په‌نابه‌ران كرد و له ئامێزی گرتن و تاوەکو ئێستاش به‌رده‌وامه. له عێراق ره‌وشیان زۆر خراپه و به‌تایبه‌تیش له به‌غدا. له‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر ماڵی مەسیحییەکاندا ده‌گیردرێت".
زۆرینەی مەسیحییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە کۆچبەر لە جیهاندا. دڵیان بۆ ئەو رۆژە لێدەدات کە بگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان، بەڵام دوور نییە کە هەموویان لە دووریی ئەو زێدەوە بمێننەوە کە حەزرەتی عیسای مەسیحی تێدا لەدایکبووە.