پەرلەمانی چین تاوتوێی پرۆژە یاسایەک بۆ کەمکردنەوەی 'هەراسانکردنی سێکسی' دەکات


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی چین تاوتوێی پرۆژە یاسایەکی "تەواو نوێ" دەکات تایبەت بە قەدەخەکردنی جیاکاریی رەگەزی دژ بە ژنان و" هەراسانکردنی سێکسی".
 
پرۆژە یاسایەکی نوێ لەلایەن 2 هەزار  و980 ئەندامەکەی پەرلەمانی چین تاوتوێ دەکرێت تایبەت بە قەدەخەکردنی جیاوازیی رەگەزی دژ بە ژنان و هەروەها هەراسانکردنی سێکسییان.
 
وردەکاریی پرۆژە یاساکە لە رۆژی هەینی 24-12-2021دا بە فەرمی بۆ رای گشتی بڵاوکرایەوە تاوەکو تێبینی خۆیان لەسەر بدەن.
 
پرۆژە یاساکە رێگری لە خاوەنکار دەکات لەکاتی بڵاوکردنەوەی داواکاری بۆ کارمەندی نوێ ئاماژە بە رەگەزی کەسە داواکراوەکە بکات، هەروەها لە پرۆژە یاساکەدا هاتووە، خاوەن کار بۆی نییە پرسیار لە باری کەسی و کۆمەڵایەتیی ژنە کارمەندە داواکراوەکە بکات چ ئەوەی ژیانی هاوژینی پێکهێنابێت یان دووگیان بێت.
 
لەکاتێکدا ئەو پرسیارانە لە ماوەی 4 دەیەی رابردوودا لەنێو جیهانی کاری چیندا باو و بەربڵاوبوونە. گەشەی خێرای ئابووریی چین لە پاڵ یاسای "بۆ هەر خێزانێک یەک منداڵ"، رێگەی بە ژناندا زیاتر بخوێنن و بتوانن تێکەڵی جیهانی دەرەوەی ماڵ بن و کار بکەن.
 
بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەو گەشە ئابوورییە هەندێ کێشە لە ماوەی یەک دەیەی رابردوودا دروستبوون کە بەشداریی ژنانیان لە کارکردن کەمکردنەوە؛ لەوانەش "جیایی رەگەزی" کە لە دژیان بەکارهێنرا لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە نەبوونی خزمەتگوزاریی تایبەت بە چاودێریکردنی منداڵان، ئەوانەشیان کە هەن و باشن و دایکان دەتوانن متمانەیان پێبکەن و منداڵەکانیان لەلا جێبهێڵن، ژمارەیان کەمە و نرخیشیان گرانە، ئەوەش ژنانی خێزانداری ناچارکردن لە کارەکانیان دوور بکەونەوە و لەماڵ بمێننەوە.
 
رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرایکرد، "لە نێو هەموو 5 کارێك لە کەرتی خزمەتگوزاری سیڤیل دەخرێتەڕوو، بۆ نموونە کارکردن لە شارەوانی، یەک کار بە ژن دەدرێت و چوارەکەی دیکە لەلایەن کارمەندانی رەگەزی نێرەوە پڕ دەکرێنەوە و لەوەش زیاتر لە هەر 5 خاوەن کارێک، چواریان پێیانباشە کارەکە بە رەگەزی نێر بدەن و تەنیا یەکێکیان رەگەزی مێی پێباشە".
 
هیومەن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەدیاردەیەکی نێو بازاڕی کاری چین کرد کە ئەویش ناچارکردنی ژنانە بە واژۆکردنی بەڵێننامەیەک کە تێیدا خانمە کارمەند بەڵێندەدات تاوەکو ئەو دەمەی لە کارەکەدا بێت و بۆ چەند هەر ساڵێکیش بێت دووگیان نەبێت، ئەو بەڵێننامەیەش وەک مەرجی پێشوەختە بۆ وەرگرتنی کارەکە دادەنرێت.
 
لەبەشێکی دیکەی پرۆژە یاسا نوێکە بیرۆکەی رێگەدان بە هەر خێزانێک ببێتە خاوەن 3 منداڵ، واتە هەڵوەشاندنەوەی یاسای " بۆ هەر خێزانێک یەک منداڵ"، 
ئەوەش نیگەرانی خاوەن کارەکانی چینی لێکەوتووەتەوە و دوو دڵیان دەکات لە پێدانی کار بە ژنان بەتایبەتی خێزاندارەکان.
وردەکاری پرۆژە یاساکە قەدەخەی چەند شتێك دەکات وەک" جنێودان، رەفتاری جەستەیی نەشیاو، بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیاری و دەق و تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیی سێکسیی ژنان"، بەڵام ئەوەی کە جێگەی رەخنەی پرۆژە یاساکەیە باسی لە جۆری سزاکانی کەسانی سەرپێچکەری نەکردووە.
پرۆژە یاساکە بۆ رای گشتی چین بڵاوکراوەتەوە و خەڵکی مافیان هەیە تاوەکو رۆژی 22-1-2022 تێبینییەکانی خۆیان لەسەری دەرببڕن.