لە مزگەوتێکی نەیجیریا تەقینەوەیەکی گەورە روویدا

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسە ئەمنییەکانی نەیجیریا بڵاویانکردەوە، رۆژی چوارشەممە تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکی شاری مایدوگوری لە باکووری رۆژهەڵاتی نەیجیریا روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم حەوت نوێژخوێن کوژران.
 
هیچ گرووپێکی چەکدار دەستبەجێ بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە رانەگەیاندووە، کە باباکورا کۆلۆ، سەرکردەی میلیشیای دژە جیهادییەکان دەڵێت، گومان دەکرێت تەقینەوە بێت.
 
مایدوگوری پایتەختی ویلایەتی بۆرنۆیە، کە چەندین ساڵە مەکۆی یاخیبوونی گرووپە جیهادییەکانی وەک "بۆکۆ حەرام" و لقێکی تری بە ناوی "ویلایەتی رۆژئاوای ئەفریقای دەوڵەتی ئیسلامی"یە، هەرچەندە شارەکە خۆی چەند ساڵێکە هێرشی گەورەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
 
بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، بۆمبەکە لە ناو مزگەوتێکی قەرەباڵغ لە بازاڕی "گامبۆرۆ"ی شارەکەدا تەقیوەتەوە، لەو کاتەی کە موسڵمانان بۆ نوێژی ئێوارە لە دەوروبەری کاژێر 18:00ی ئێوارە بەکاتی نەیجیریا (20:00 بەکاتی هەولێر) کۆببوونەوە.
 
مالام ئەبونا یوسف، کە یەکێکە لە پێشەواکانی مزگەوتەکە رایگەیاند، 8 کەس کوژراون، هەرچەندە بەرپرسان هێشتا ئاماری فەرمی قوربانییانیان بڵاونەکردووەتەوە.
 
ناهۆم داسۆ، گوتەبێژی پۆلیس راگەیاند: "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە تەقینەوەیەک روویداوە"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە تیمێکی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.
 
کۆلۆ رایگەیاندووە حەوت کەس کوژراون. گوتیشی گومان دەکرێت بۆمبەکە لەناو مزگەوتەکەدا دانرابێت و لە ناوەڕاستی نوێژدا تەقیبێتەوە، لە کاتێکدا هەندێک لە شایەتحاڵەکان بە هێرشێکی خۆکوژی وەسفیان کردووە.
 
سەرەتا روون نەبووەوە کە چەند کەس بریندار بوون، بەڵام عیسا موسا یوشاو کە شایەتحاڵێکە رایگەیاندووە: "بینیم قوربانییەکی زۆر بۆ چارەسەری پزیشکی دەگوازرانەوە."
 
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەیجیریا لە ساڵی 2009ـوە بەرەنگاری یاخیبوونێکی جیهادی بووەتەوە لە ململانێیەکدا کە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 40 هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەس.
 
هەرچەندە تووندوتیژییەکان لە چاو 10 ساڵ لەمەوبەر کە لە لووتکەدابوو کەمی کردووە، بەڵام پەرەی سەندووە بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک نەیجیریا، چاد و کامیروون.
 
هەروەها نیگەرانییەکان لەبارەی سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی لە بەشەکانی باکووری رۆژهەڵات لە زیادبووندایە، کە گرووپە یاخیبووەکان سەرەڕای چەندین ساڵ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام، هێشتا دەتوانن هێرشی کوشندە بکەن.