سەرۆکی مەکسیک لەبارەی دروستکردنی دیوار وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

رووداو - هەولێر 

سەرۆکی مەکسیک لەبەرامبەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری وڵاتەکەی رایگەیاند "بڕوامان بە دیوار نییە و پارە بۆ هیچ دیوارێک نادەین".


ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایەتی زۆری لەنێو خەڵکی مەکسیکش دروستکردووە و دژی بڕیارەکەن. 

دۆناڵد ترەمپ، رۆژی چوارشەممە 24-1-2017، بڕیاری دروستکردنی دیواری لەسەر سنووری مەکسیک واژۆکرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی "ئەمە ئاسایشی سنوور و کۆچبەری و چەندین جۆری گەشەسەندنە، زۆر گرنگە هەر لەسەرەتاوە جەختمان لەم پرسە کردووەتەوە".

لەبەرامبەردا پێنا نیتۆ، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند "زۆر نیگەرانم و دژی ئەو بڕیارەی ئەمریکام کە ئاماژە بە دروستکردنی دیوار دەکات، ئەم بڕیارە نەک تەنیا لە بەرژەوەندی ئێمەدانییە بەڵکو ئێمەی بەسەر دووبەرەدا دابەشکردووە، مەکسیکۆ باوەڕی بە دیوار نییە و چەندین جار وتوومە و دەشیڵێمەوە، پارە بۆ هیچ جۆرە دیوارێک خەرج ناکەین."

خۆسی دی جێسوس، کۆچبەرێکی مەکسیکی دیپۆرتکراو دەڵێت "بەڵێ دیواریش دروستکەن بەسەر دیوارەکە بازدەدەم، پەیژەیەک دەهێنم بەرزییەکەی بەقەد بەرزی دیوارەکە بێت، هەرچۆنێک بێت خۆم ئاودیوی ئەوبەر دەکەم."



داڕشتنەوە: راوچی حەسەن