دادگەی نێودەوڵەتیی داد: دەبێت ئیسرائیل هەموو رێوشوێنێک بگرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە جینۆساید
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەفریقای باشوور بە تۆمەتی "ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە" لە دادگەی لاهای سکاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد و دوو دانیشتن کران، ئەمڕۆ دادگەکە رایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل هەموو کارێک بکات بۆ ئەوەی رێگری لە هەر کردەیەکی جینۆساید بکات.
رۆژی هەینی، 26-1-2024، دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە لاهای لە هۆڵەندا کۆتایی بە دانیشتنەکانی تایبەت بە دۆسیەی ئیسرائیل هێنا و گوتی، "دەبێت ئیسرائیل هەموو رێوشوێنێک بگرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرێکی تاوانی جینۆساید."
دادوەرانی دادگەکە گوتیان، "دەبێت ئیسرائیل بەپێی پەیماننامەی قەدەخەکردنی جینۆساید بجووڵێتەوە و رێگری لە هەر کردەیەکی جینۆساید بکات".
دادگەکە هەروەها داوا لە ئیسرائیل دەکات، رێگە بدات هاوکاریی مرۆیی بگاتە دەستی خەڵکی غەززە.
رۆژی 29-12-2023 ئەفریقای باشوور لە دادگەی نێودەوڵەتیی داد سکاڵای لەسەر ئیسرائیل بە تۆمەتی "ئەنجامدانی جینۆساید بەرامبەر خەڵکی فەلەستین لە غەززە" تۆمارکرد.
ئەفریقای باشوور رایگەیاند، "کردەوەکانی ئیسرائیل ئامانجدار بوون و مەبەست لێیان لەنێوبردنی گرووپێکی نەتەوەیی بووە".
رۆژی 11-1-2024 دادگەکە یەکەم دانیشتنی لەسەر ئەو دۆسیەیە کرد و پارێزەر و نوێنەرانی ئەفریقای باشوور و ئیسرائیل تێیدا ئامادەبوون و بەڵگەکانی خۆیان خستەڕوو.
ئەوکاتە رۆڵاند لامۆلا، وەزیری دادی ئەفریقای باشوور لەبارەی سکاڵاکەوە گوتی، "هیچ هێرشێکی چەکداری بۆسەر ناوچەیەکی وڵاتێک، تەنانەت ئەگەر زۆر گەورە بێت و ببێتەهۆی تاوانی قێزەون، نابێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن و قەدەخەکردنی جینۆساید. وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 یاسای پێشێلکردووە".
هەمان رۆژ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دووڕوویی ئەفریقای باشوور گەیشتووەتە ئەوپەڕی" و گوتیشی، "ئێمە شەڕی تیرۆریستەکان دەکەین. ئێمە شەڕی ناڕاستییەکان دەکەین".
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا ئەفریقای باشووری بەوە تۆمەتبار کرد، "وەکو پارێزەری رێکخراوی حەماس کار دەکات" لە دۆسییەکەدا کە بە بڕوای ئیسرائیل لەسەر "بانگەشەی درۆ و بێ بنەما" بنیات نراوە.
ئوسامە حەمدان، بەرپرسی باڵای حەماس لەبارەی سکاڵاکەوە رایگەیاند، "دەستخۆشی لە هەڵوێستی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە پاڵپشتییان لەو بڕیارە مێژوویی و بوێرانەی ئەفریقای باشوور کرد لە سکاڵاکردن دژی داگیرکاری نازییەکان".
لە رۆژی دووەمی دانیشتنەکەدا جەنگی غەززە 100 رۆژی تێپەڕاند و نەتەنیاهوو لەوبارەوە گوتی، "لە شەڕی حەماس بەردەوام دەبین و نە دادگەی لاهای، نە سێکوچکەی شەڕەنگێزی نامانوەستێنن" کە مەبەستی لێی حەماس، حووسییەکان و حیزبوڵڵای لوبنانییە.
یەکێک لە ئامادەبووەکانی دوو دانیشتنەکە عادیلە حاسم، داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و نوێنەری ئەفریقای باشوور بوو. عادیلە کۆمەڵێک بەڵگەی خستەڕوو و گوتی، بەڵگەکان دەیسەلمێنن کە ئیسرائیل پێشێلی بڕیارنامەی 1948ـی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە کە تایبەتە بە تاوانی جینۆساید لە جەنگدا.
حاسم گوتی، ئیسرائیل هەفتانە شەش هەزار بۆمبی بەسەر غەززەدا باراندووە، زیاتر لە 200 جار بۆمبی 907 کیلۆگرامیی لە باشووری غەززە داوە کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەوێ "شوێنێکی ئارامە".
تال بێکەر، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە دادگەی لاهای لە وەڵامی سکاڵاکەی ئەفریقای باشووردا گوتی، "ئەگەر تاوانێکی جینۆساید کرابێت، ئەوە لە دژی ئیسرائیل کراوە".
دادگەی دادی نێودەوڵەتیی بەرزترین دادگەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە هۆڵەندایە. ئەو دادگەیە لە 1945 دامەزراوە و دانیشتنی لەسەر زۆر بابەتی گەرمی جیهانی هەبووە لەوانەش، جەنگی ئۆکراینا و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.