سەرمایەکی زۆر ئەمریکای ئیفلیج کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بەفر و سەرمای تووند زۆربەی ناوچەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە. لە باشووری وڵاتەکەوە تاوەکو باکووری رۆژهەڵات ژیان وەستاوە، کارەبا بڕاوە و چەند کەسێکیش گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەو کڕێوەیە بووەتە هۆی بەستنی رێگەوبان و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک
 
• لە ویلایەتی لویزیانا، بەرپرسانی تەندروستی رایانگەیاندووە دوو کەس لە سەرما گیانیان لەدەستداوە.
• زۆهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک رایگەیاند، 5 کەسیان بە مردوویی دۆزیونەتەوە کە گومان دەکرێ بەهۆی سەرماوە بووبێ.
• بە گوێرەی دامودەزگەکان، سێ کەسی دیکە لە تێنیسی، کەسێک لە تێکساس و یەکێکی دیکە لە کەنساس گیانیان لەدەستداوە. 
• لە باشووری ئەمریکا، کە بەگشتی کەمتر بەفر دەبارێ، دۆخەکە خراپە. بەهۆی سەهۆڵبەندانەوە کارەبای زیاتر لە یەک ملیۆن ماڵ و شوێن بڕاوە. تەنیا لە ویلایەتی تێنیسی 300 هەزار کەس بێ کارەبان.
• شەپۆلە تووندەکە 34 ویلایەتی گرتووەتەوە.
• کاریگەریی لەسەر ژیانی 230 ملیۆن کەس هەبووە. 
• لە زیاتر لە 20 ویلایەت باری نائاسایی راگەیێندراوە. 
 
گەشتەکان راگیران و پشوو راگەیێندرا
 
• زیاتر لە 15 هەزار گەشتی ئاسمانی لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەدا هەڵوەشاونەتەوە.
• فڕۆکەخانە سەرەکییەکانی واشنتن، نیویۆرک و فیلادیلفیا لە پێنسلڤانیان نزیکەی سەرجەم گەشتەکانیان بۆ ئەمڕۆ راگرتووە.
• لە واشنتنی پایتەخت، بەفر و سەهۆڵ رێگەوبانەکانی ئیفلیج کردووە، بۆیە فەرمانگە فیدراڵییەکان بۆ رۆژی دووشەممە کراونەتە پشوو.
 
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی ترەمپ
 
دەسەڵاتداران لە رێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە خەڵک دەڵێن "لە ماڵ مەیەنە دەرەوە، ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا بە گاڵتەپێکردنەوە بە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا نووسیویەتی: "چی بەسەر گەرمبوونی زەویدا هات؟" واتە ئەگەر زەوی گەرم دەبێت، ئەم هەموو سەرما و بەفرە چییە؟
 
ئەمە لەکاتێکدایە زانایان دەڵێن، گۆڕانی کەشوهەوا وایکردووە "تەوژمە جەمسەرییەکان" تێکبچن و سەرمای زۆر لە جەمسەری باکوورەوە بێتە خوارەوە بۆ نێو ئەمریکا.
 
هێشتا ماویەتی
 
کەشناسیی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و رەنگە لە هەندێک شوێن، وەک ناوچە ساردەکان، پلەی گەرمی بگاتە 45ی ژێر سفری سیلیزی کە ئەوەش راستەوخۆ دەبێتە هۆی رەقبوونەوەی مرۆڤ ئەگەر لە دەرەوە بێت.