سەرۆکی ئۆکراینا: 31 هەزار سەربازمان لە دوو ساڵی رابردوودا کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو ساڵ لە دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا، سەرۆکی ئۆکراینا بۆ یەکەمجار ئاماری سەربازە کوژراوەکانی وڵاتەکەی راگەیاند و گوتی، "31 هەزار سەربازمان کوژراون."
رۆژی یەکشەممە، 25-02-2024، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی زیانەکانی سوپای وڵاتەکەی لە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا گوتی، "31 هەزار سەربازمان کوژراون، نەوەک 300 هەزار یان 150 هەزار یان ئەو درۆیانەی پووتین و کەسانی نزیکی دەیانکەن."
کانوونی یەکەمی 2023 میدیای رووسیا لەسەر زاری بەرپرسانی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، "125 هەزار سەربازی ئۆکراینا کوژراون و 263 هەزاریش برینداربوون."
هەرچی لەبارەی ژمارەی سەربازە بریندارەکانی ئۆکراینایە، سەرۆکی وڵاتەکە هیچ ژمارەیەکی ئاشکرا نەکرد.
حکومەتی رووسیاش هیچ ئامارێکی فەرمیی کوژران و بریندارانی سەربازەکانی بڵاونەکردووەتەوە. میدیای رووسیا دەڵێت، "45 هەزار سەرباز کوژراون".
جەنگەکە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکێکی زۆری سڤیل لە هەردوولا. نێردەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە ئۆکراینا HRMMU کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە دەڵێت، "لانیکەم 10 هەزار و 582 سڤیل لە ئۆکراینا کوژراون کە 560ـیان منداڵ بوو؛ هەروەها زیاتر لە 19 هەزار و 875 کەس برینداربوون."
نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ئامارێکی لەسەر کوژران و برینداربوونی سڤیلەکانی رووسیا بڵاو نەکردووەتەوە.
زیلینسکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی رووی لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد و گوتی، چارەنووسی ئۆکراینا دەکەوێتە سەر ئەوان و رایگەیاند، "ئەگەر ئۆکراینا بدۆڕێت، ئەگەر [ئەم جەنگە] بۆ ئۆکراینا زۆر قورس بێت و ئەگەر قوربانیی زۆرمان هەبێت، هەمووی دەکەوێتە سەر [هەڵوێست و یارمەتییەکانی] ئێوە".