ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا سێ مەرجیان بۆ دانوستاندنەکانی جنێڤ هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا سێ مەرجی سەرەکییان بۆ شێوازی رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا هەیە. دەشڵێت، پێویستە تاران سازش بکات و کاتی ئەوە هاتووە رۆڵێکی بنیاتنەر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت.
رۆژی چوارشەممە (25ـی شوباتی 2026)، یۆهان وادفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلین، سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران رایگەیاند: "هەر هەوڵێکی دیپلۆماسی بۆ دوورکەوتنەوە لە گرژیی سەربازی، کارێکی دروست و پێویستە و حکومەتی ئەڵمانیاش پشتیوانیی لێدەکات."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پشتیوانییە ئەو دانوستاندنانەش دەگرێتەوە کە ئێستا لە جنێڤ لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچن و گوتی: "ئەم دانوستاندنانە بەوردی ئامانجیان هەمان ئەو بابەتانەیە کە تەوەری گفتوگۆکانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بوون لەگەڵ ئێران، ئەوانیش سێ مەرجی سەرەکین: یەکەم، رێگریکردن لەوەی چەکی ئەتۆمی بکەوێتە دەست رژێمی ئێران؛ دووەم، راگرتنی پرۆگرامی مووشەکیی بالیستی؛ و سێیەم، سنووردارکردنی سیاسەتە تێکدەرەکانی ئەو رژێمە لە ناوچەکەدا."
ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدان، بڕیارە ئەمڕۆ لە جنێڤ سێیەمین گەڕی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت.
یۆهان وادفول گوتی: "ئەگەر تاران بە ژیرییەوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکات، دەبێت درک بەوە بکات کە پێویستە لەم سێ بوارەدا لەگەڵ ئەمریکا بگاتە لێکتێگەیشتن. ئەمە چاوەڕوانیی ئەورووپاشە، چونکە ئێمەش لەلایەن ئەوانەوە رووبەڕووی هەڕەشە دەبینەوە. دەبێت ئێران دەستبەرداری پشتگیریکردنی حەماس، حیزبوڵڵا و حووسییەکان بێت."
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پرسی ئەتۆمیی ئێران داواکاری لەپێشینەیانە لە دانوستاندنەکاندا، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل دەیانەوێت پرسی گرووپە چەکدارەکان و پرۆگرامی مووشەکیی بالیستیش بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بن.
لە بەرامبەر ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەدا، ئەمریکا هێزێکی زۆری لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە. واشنتن کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن)ـی لە کەناراوەکانی عومان جێگیرکردووە، کە تەنیا 700 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دوورە. هەروەها کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد) بەڕێوەیە بۆ نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل و ئێستا لە نزیک دوورگەی کریتی یۆنانە.
تاوەکو ئێستا ئەمریکا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر (کە 5,600 سەرباز لەسەریانن)، 16 کەشتیی هاوەڵ، نزیکەی 120 فڕۆکەی جەنگی لە جۆرەکانی (F-35, F-22, F-16, F-15)، فڕۆکەی سووتەمەنیهەڵگر، فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی قورس، و فڕۆکەی چاودێری و هەواڵگری رەوانەی ناوچەکە کردووە.
کۆکردنەوەی ئەم هێزە زەبەلاحە لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەکەی جنێڤ، دوایین دەرفەت بێت پێش بڕیاردان لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران. لەم بارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "هیوادارم تاران ئێستا درک بەوە بکات کە کاتی ئەوە هاتووە سازش بکات و رۆڵێکی بونیادنەرتر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت. بە پەرۆشەوە چاودێریی پێشهاتەکانی جنێڤ دەکەم."
لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوایین لێدوانیدا بۆ میدیایەکی هیندستانی رایگەیاندووە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان، وەڵامی تووندیان دەبێت و جەختیشیکردووەتەوە کە "بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەبنە ئامانجی لەپێشینەمان."
سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنیش، دیپلۆماتکارێکی عەرەب کە ئاگاداری بڕگە سەرەکییەکانی رەشنووسی پێشنیازەکەی ئێرانە، ئاشکرای کردووە، تاران ئامادەیی نیشانداوە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60٪ـەوە بۆ 3.6٪ کەمبکاتەوە، کە ئەمەش هاوشێوەی ئەو ئاستەیە کە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015دا لەسەری رێککەوتبوون.
بەگوتەی ئەو دیپلۆماتکارە، ئەمریکا لە خولی پێشووی گفتوگۆکاندا پێداگریی لەسەر "پیتاندنی سفر" (راگرتنی تەواوەتی پیتاندن) نەکردووە. بەپێی رەشنووسەکە، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی حەوت ساڵ رادەگرێت، بەڵام واشنتن داوای پابەندبوونێکی 10 ساڵە دەکات.
یەکێکی دیکە لە خاڵە ناکۆکە سەرەکییەکان، پەیوەندیی بە سەدان کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی پاشەکەوتکراوی ئێرانەوە هەیە. تاران رەتیدەکاتەوە ئەو بڕە یۆرانیۆمە رەوانەی دەرەوەی وڵات بکات و تەنیا ئامادەیە ئاستی پیتاندنەکەی کەمبکاتەوە، بەڵام ئەمریکا پێداگری دەکات کە دەبێت ئەو کەرەستەیە بەتەواوی لە خاکی ئێران ببرێتە دەرەوە.