واشنتن گەورەترین هێزی کۆکردووەتەوە و لەگەڵ تارانیش لەدانوستاندایە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری جنێڤی سویسرا دەستیان بە گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان کرد، کە وەک "دواین هەوڵ" بۆ رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ وەسف دەکرێت.
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدان کە ئەمریکا گەورەترین هێزی سەربازیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆکردووەتەوە کە لە چەند دەیەی رابردوودا وێنەی نەبووە.
دانوستاندنەکان و دەسپێشخەریی عومان
ئەم گفتوگۆیانە کە بە نێوەندگیریی عومان بەڕێوەدەچن، دوای هەڕەشە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ دێن کە پێنجشەممەی رابردوو تەنیا 15 رۆژ مۆڵەتی بە تاران دابوو تاوەکو بگەنە رێککەوتن.
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان دەستپێکردنی گفتوگۆکانی لە ماڵی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە جنێڤ پشتڕاستکردەوە و گوتی: "هەردوولا کراوەییەکی بێوێنەیان بۆ بیرۆکە و چارەسەری نوێ نیشان داوە." هەرچەندە دانوستاندنەکان بۆ ماوەیەک وەستان، بەڵام بڕیارە هەر ئەمڕۆ دووبارە دەستپێبکەنەوە.
رافایل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش بەشداریی لەم دانوستاندنە هەستیارانەدا کردووە تاوەکو لە رووی تەکنیکییەوە چاودێریی پڕۆسەکە بکات.
کۆکردنەوەی هێز؛ دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر
هاوتەریب لەگەڵ دیپلۆماسی، گوشارە سەربازییەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە لووتکە. کەشتیی (جێراڵد فۆرد) کە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهانە، ئەمرۆ بنکەی دەریایی (کریت)ـی لە یۆنان بەجێهێشت و بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێکەوت.
ئێستا ئەمریکا زیاتر لە 12 کەشتیی جەنگیی لە ناوچەکەدا هەیە، لەوانە: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن، نۆ کەشتیی تێکشکێنەر و سێ کەشتیی دیکەی شەڕکەر. ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە کە دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی کە هەزاران سەرباز و دەیان فڕۆکەی جەنگییان هەڵگرتووە، لە یەک کاتدا لە ناوچەکەدا بن.
تۆمەتەکانی ترەمپ و "درۆ گەورەکان"
دۆناڵد ترەمپ لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا (State of the Union) کە رۆژی سێشەممە پێشکێشی کرد، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "تەماحی ئەتۆمیی شەڕانگێزانەی" هەیە و بانگەشەی کرد، تاران مووشەکی وای پەرەپێداوە کە هەڕەشەن بۆ سەر ئەورووپا و بنکەکانی ئەمریکا و بەم زووانەش دەگەنە ناو خاکی ئەمریکا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم قسانەی بە "درۆی گەورە" وەسف کرد. شارەزایانی ئەمریکی دەڵێن مەودای مووشەکەکانی ئێران نزیكەی 3,000 کیلۆمەترە، کە ئەمەش کەمترە لە سێیەکی ئەو دوورییەی پێویستە بۆ گەیشتن بە ناو خاکی ئەمریکا.
هەڵوێستی تووندی واشنتن
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا، رەتکردنەوەی تاران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی "کێشەیەکی زۆر گەورەیە."
لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئێران کرد هەڕەشەکانی ترەمپ "بە هەند" وەربگرن و گوتی: "ناکرێت رێگە بدەیت خراپترین رژێمی جیهان ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
دۆخی ناوخۆیی و دەنگی خەڵک
ئەم دانوستاندنانە لە کاتێکدایە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک بە دوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت. لە ناوخۆی ئێرانیش، دوای وەڵامدانەوەی تووندی خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەم کە تێیدا هەزاران کەس کوژران، جارێکی دیکە ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆکاندا دەستیان پێکردووەتەوە.
هاووڵاتییەکی تەمەن 60 ساڵی تاران بە ناوی تەیبە گوتی: "جەنگ برسییەتی و مەینەتی دەهێنێت، بەڵام لانیکەم بە جەنگ چارەنووسمان روون دەبێتەوە."